 |
 |
Free CSS Vertical Menu Designs at exploding-boy.com
وه‌زاره‌تی ژینگه،حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان
|
 |
 |
|
 |
 |
| ژینگه‌و گه‌شه‌ی مێشك | | د.كه‌ریم شه‌ریف قه‌ره‌چه‌تانی | | | مێشكی مرۆڤ ئه‌ندامێكی ئاڵۆزی له‌شه‌و كێشه‌كه‌ی له‌كاتی له‌دایك بوون نزیكه‌ی (450) گرامه‌و له‌دوای له‌دایك بوونه‌وه (به تایبه‌تی ساڵی یه‌كه‌م) رۆژ له‌دوای رۆژ كێشه‌كه‌ی به‌ره‌و زیاد بوون ده‌چێت، تاله‌ته‌مه‌نی كامڵیدا كێشه‌كه‌ی ده‌گاته ده‌وروبه‌ری (1300) بۆ (1400) گرام و رێژه‌كه‌ی له‌چاو هه‌موو له‌شدا (2%) واته ئه‌گه‌ر مرۆڤێك كێشه‌كه‌ی (100) سه‌د كیلۆگرام بێت ئه‌وا كێشی مێشكی نزیكه‌ی (2) دوو كیلۆگرام ده‌بێت0 به‌لام له‌پاڵ ئه‌و كێشه بچووكه‌یدا (20% بۆ 25% ) وزه‌ی هه‌موو له‌ش به‌كارده‌هێنی.
مێشك ئامێرێكی زۆر ئاڵۆزه‌و له‌نزیكه‌ی (100) سه‌د بلیۆن خانه پێكدێت و هه‌موویان پێكه‌وه كارده‌كه‌ن و دوور نییه چه‌ند ملیۆنێك خانه به‌یه‌كه‌وه بۆ به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی پرۆسه‌یه‌كی بیركاریی به‌شداری بكه‌ن. به‌رده‌وام لێكۆڵینه‌وه‌ی زۆر له‌سه‌ر مێشك كراوه‌و ده‌كرێت و چه‌ندها ئامێر‌و ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتوو بۆ سكان و وێنه‌گرتنی مێشك و دیاریكردنی جۆری چالاكییه‌كانی مێشك دروستكراون و ته‌نانه‌ت هه‌ندێكجار جێگای چالاكییه‌كانی وه‌ك (فێربوون و بیركردنه‌وه‌و هه‌ستكردن) دیاریده‌كه‌ن (العتوم،2004 ،لا43)0
زۆر له‌توێژینه‌وه‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه له‌كاتی له‌دایك بوون، بارستایی مێشكی نێر له‌بارستایی مێشكی مێ به‌رێژه‌ی ( 12% بۆ 20% ) گه‌وره‌تره، هه‌روه‌ها چێوه‌ی سه‌ری نێر نزیكه‌ی (2%) له‌چێوه‌ی سه‌ری مێ گه‌وره‌تره، به‌لام كاتێك له‌كاتی له‌دایك بوون، بارستایی مێشك به‌كێشه‌كه‌ی به‌راورد ده‌كرێت، ئه‌وا هیچ جیاوازییه‌ك له‌نێوان نێر‌و مێدا هه‌ست پێناكرێت، واته كاتێك كوڕ‌و كچێك له‌دایك ده‌بن و كێشیان وه‌ك یه‌ك ده‌بێت، ئه‌وا مێشكیشیان وه‌ك یه‌ك ده‌بێت، هه‌رچه‌نده ئه‌و جیاوازیانه هه‌یه، به‌لام هیچ كاریگه‌رییه‌كیان له‌سه‌ر رێژه‌ی زیره‌كی نێر‌و مێ نییه (السلگی ،2004 ،لا51).
هه‌ندێك له‌ده‌رئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه‌كاتێك مێشك ناچار ده‌كرێت كه‌كار بكات و رووبه‌ڕووی چه‌ندها وروژێنه‌ره‌ر ده‌كرێته‌وه، ئه‌وا زیاتر گه‌شه ده‌كات و شێوه‌و پێكهاته‌و بونیادی ماددی وه‌ك مێشكی كه‌سانی زیره‌ك و به‌هره‌مه‌ندی لێدێت، واته ژینگه‌و وروژێنه‌ره‌كانی جیهانی ده‌ره‌وه كارده‌كه‌نه سه‌ر شێوه‌و بونیادی مێشك و گۆڕانكاری تێدا ده‌كه‌ن ( براگدون و گامون ،2008 ،لا89) 0
مه‌به‌ست ژینگه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌وروژێنه‌رو زانیاری ئه‌وه‌یه كه‌شێوازو ستایلی ژیانی ئه‌و كه‌سه به‌و شێوه‌یه بێت كه‌به‌زۆری سه‌رقاڵی چالاكی (جه‌سته‌یی و عه‌قڵی و كۆمه‌لایه‌تی) بێت و به‌رده‌وام جۆره‌ها زانیاری و داتای پێویستی جۆراوجۆر له‌ڕێگه‌ی هه‌سته‌وه‌ره‌كانییه‌وه بگاته مێشك، ئه‌م ژینگه ده‌وڵه‌مه‌ند و شێوازه ته‌نها نابێته هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی مێشك و زۆربوونی مه‌عریفه‌و شاره‌زایی به‌ڵكو ده‌شبێته هۆی پاراستن و به‌هێزكردنی ده‌ماره خانه‌كانی مێشك و زیادكردنی ته‌مه‌نی مانه‌وه‌و كاركردنیان (براگدون و گامون(ب) ،2008 ،لا27 ).
یه‌كێك له‌گرنگترین فاكته‌ره‌كان كه‌ده‌بێته هۆی گه‌شه‌كردنی مێشكی تاك، چاره‌سه‌ركرنی كێشه‌و گیرگرفته‌كان و گه‌ڕانه به‌دوای رێگاچاره‌ی گونجاو‌دا، واته كاتێك منداڵ یان خوێندكارێك رووبه‌ڕووی كێشه‌و گرفتێك ده‌كه‌یته‌وه داوای لێده‌كه‌ین كه‌بیر له‌و گرفته بكاته‌وه‌و چاره‌سه‌ری بكات، ئه‌وا هه‌موو مێشك سه‌رقاڵی بیركردنه‌وه‌و گه‌ڕان ده‌بێت به‌دوای رێگاچاره‌داو هه‌موو خانه‌كانی مێشك له‌حاڵه‌تی وروژاندن وجووڵه‌و كاركردندا ده‌بن، كه‌ئه‌مه‌ش گرنگییه‌كی زۆری بۆ گه‌شه‌كردنی مێشك هه‌یه‌و ده‌بێته هۆی زۆربوون و گه‌شه‌پێكردنی لق و پۆپ و ته‌رزی نوێ بۆ ده‌ماره‌خانه‌كان، ئه‌وه‌ی مایه‌ی ئاماژه بۆكردنه ئه‌وه‌یه، كه‌مه‌رج نییه هه‌موو كاتێك ئه‌و كه‌سه بگاته چاره‌سه‌ری راست و زاڵبوون به‌سه‌ر گرفته‌كه‌دا، ئینجا مێشكی گه‌شه بكات، به‌ڵكو گرنگ ئه‌وه‌یه كه‌سه‌رقاڵی بیركردنه‌وه‌و چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كه بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گه‌شه‌كردنی ده‌ماره خانه‌كان به‌هۆی هه‌نگاوه‌كانی پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ركردنه‌كه‌وه ده‌بێت نه‌ك هه‌نگاوی كۆتایی كه‌چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌یه.
به‌لام ئه‌وه‌ی كه‌گرنگه ئه‌وه‌یه كه‌ده‌بێت ئه‌و كێشه‌و گیروگرفتانه‌ی كه‌تاك رووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه له‌گه‌ڵ ته‌مه‌ن و توانای ئه‌و كه‌سه‌دا بگونجێ، واته نابێت زۆر قورس و گران بێت و ئه‌وكه‌سه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌توانێت وه‌ك پێویست بیری لێبكاته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه له‌ئه‌نجامی ئه‌و قورسییه‌وه تووشی بێهیوایی و بێزاریی و وه‌ڕس بوون ببێت، به‌لام ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نییه كه‌زۆر سووك و ئاسان بێت به‌ڵكو ده‌بێت كه‌مێك قوورس بێت و ته‌حه‌دای توانا‌و به‌هره‌كانی منداڵ بكات و ئه‌و كه‌سه بخاته ئاستی وروژاندن و گه‌ڕان به‌دوای چاره‌سه‌ردا.
یه‌كێك له‌و توێژینه‌وانه‌ی كه له‌سه‌ر دووكۆمه‌ڵ نه‌خۆشی یه‌كێك له‌نه‌خۆشخانه‌كان كرا گه‌یشته ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه‌ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی ژووره‌كانیان به‌رانبه‌ر دیمه‌نی سروشی بوون و به‌رده‌وام له‌په‌نجه‌ره‌كانه‌وه سه‌یری ئه‌و دیمه‌نه جوان و دڵڕفێنه سروشتیانه‌یان ده‌كرد، زووتر‌و خێراتر چاك بوونه‌وه به به‌راورد به‌و نه‌خۆشانه‌ی كه‌ژووره‌كانیان له‌ناو یه‌كدا بوون و ته‌نها سه‌یری دیواره ره‌ق و ته‌قه‌كانیان ده‌كردو هیچ دیمه‌ن و وێنه‌و شتێكی جوان و سه‌رنجراكێش له‌ژووره‌كانیاندا نه‌بوو (جینسن، 2001 ، لا50)0 ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه كه‌وروژاندنی مێشك و ناردنی دیمه‌ن و زانیاری خۆش و سه‌رنجراكێش بۆی، ره‌نگدانه‌وه‌و كاریگه‌ریی باش و پۆزه‌تیڤی له‌سه‌ر جه‌سته‌و باری ته‌ندروستی مرۆڤ هه‌یه. له‌به‌رئه‌وه زۆر پێویسته كه‌به‌رده‌وام دووفاكته‌ری زۆر گرنگمان له‌یادبێت، ئه‌وانیش بریتین له:-
-1 چه‌ند ده‌توانین هه‌وڵبده‌ین ژینگه‌ی تاكه‌كان له‌هه‌ڕه‌شه‌و توندوتیژی و سووكایه‌تیی به‌دوور بكه‌ین و وایان لێبكه‌ین كه‌هه‌ست به‌ئارامیی و دڵنیایی بكه‌ن.
-2 به‌رده‌وام له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دابین كه‌زۆرترین وروژێنه‌رو شت و دیارده‌ی هه‌ستپێكراو بۆ تاكه‌كانمان (به‌تایبه‌تیش فێرخوازان) ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین و ئه‌و ژینگه‌ی تاكه‌كانی تێدا ده‌ژین ده‌وڵه‌مه‌ند بێت به‌زانیاری و داتای پێویست.
چونكه ئه‌م دوو فاكته‌ره گرنگییه‌كی زۆریان له‌سه‌ر گه‌شه‌كردنی مێشك هه‌یه، چونكه ده‌ركه‌وتووه كه‌ژینگه‌ی هه‌ژارو كه‌م وروژێنه‌رو پڕله‌ترس و تۆقان و بێزاری په‌رده‌ی مێشك ته‌نك ده‌كه‌ن و ده‌بنه هۆی له‌ناوبردنی ده‌ماره‌خانه‌كانی، له‌به‌رئه‌وه ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی و مرۆڤانه‌و نیشمانی گه‌وره له‌سه‌ر شانی هه‌موو دایك و باوك و مامۆستا‌و رابه‌رێكه كه‌ره‌چاوی ئه‌و دوو فاكته‌ره‌ی سه‌ره‌وه بكات، بۆ ئه‌وه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ به به‌خته‌وه‌ریی و كامه‌رانیی بژین و له‌داهاتوودا بۆ كۆمه‌ڵ و ولاته‌كه‌یان سوودمه‌ندبن.
هه‌روه‌ها شیری دایك زۆر زۆر به‌سوودتره له‌شیری ده‌ستكرد (قوتوو)و ده‌بێته هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی زیره‌كی منداڵ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مادده‌یه‌ك له‌ناو شیری دایكدا هه‌یه كه‌یارمه‌تی خیرَاو باشتر رووپۆشكردن و داپۆشین (تغلیف، Myelinate)ی ده‌ماره خانه‌كان و كۆئه‌ندامی ده‌ماری ناوه‌ندی ده‌دات. (میلین) توێكڵ و به‌رگێكی چه‌ورییه كه‌ده‌ماره خانه‌كان داده‌پۆشێ و ده‌بێته هۆی خێراكردنی كار‌و چالاكییه‌كانیان، هه‌تاوه‌كو ئێستاش هیچ كارگه‌یه‌ك نه‌یتوانیوه ئه‌و مادده‌یه دروست بكات و ته‌نها له‌شیری دایكدا هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه زۆر گرنگه ڕێنمایی دایكان بكرێت بۆئه‌وه‌ی تاده‌توانن شیری خۆیان بده‌ن به‌منداڵه‌كانیان و په‌نا بۆ شیری قوتوو(ده‌ستكرد) نه‌به‌ن.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه زۆر گرنگه كه له‌قۆناغی شیره‌خۆریدا، زۆرترین یاری و كه‌لوپه‌ل به لانك و جۆلانه‌ی منداڵدا هه‌ڵبواسرێ و دواتریش بخرێنه به‌رده‌می بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستیان لێبدات و سه‌یریان بكات و یاریان پێبكات و گوێبیستی ده‌نگه‌كانیان بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و وروژێنه‌رانه زۆر پێویست و گرنگن بۆ گه‌شه‌كردنی لق و پۆپ و ته‌رزی ده‌ماره خانه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی زیره‌كی منداڵ.
| |
 |
 |
|
 |
 |
|
وه‌زاره‌تی ژینگه،حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان
|
|
دیمانه
|
|
دیمانه
|
|
 |
 |
|