 |
| پیسبوونی ئاوی گه‌ڕه‌كی ته‌عجیل | | مه‌ریوان مه‌لا حه‌سه‌ن | | |
هه‌ولێر/ مه‌ریوان مه‌لا حه‌سه‌ن
(دوایی ئه‌وه‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدارمان له پیس بوونی ئاوی گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان ئاگادار كردۆته‌وه و كرمی ناو بۆڕی ئاو خواردنه‌وه‌مان بردۆته لای موختاری گه‌ڕه‌ك وه‌ك شایه‌تحاڵێك له‌سه‌ر پیسی ئاوی گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان، به‌ڵام كه‌س به‌ده‌نگ داواكانمان نه‌هاتووه) ئه‌مه قسه‌ی به‌شێك له دانیشتوانی گه‌ڕه‌كی ته‌عجیلی شاری هه‌ولێره .
گه‌ڕه‌كی ته‌عجیل یه‌كێكه له گه‌ڕه‌كه كۆنه‌كانی شاری هه‌ولێر و ده‌كه‌وێته ناوه‌ڕاستی شار‌و نزیك بازاری هاوچه‌رخی نیشتیمان و ناوه‌ڕاستی بازاڕی گه‌وره‌ی ئه‌م شاره. ئه‌م گه‌ڕه‌كه وێرای ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری خێزانی هه‌ژار تیایدا نیشته‌جێن له‌هه‌مان كاتیش ژماره‌یه‌كی زۆری دوكاندارانی ئه‌و بازاڕه ئاوی خواردنه‌وه‌یان و دروستكردنی شیرنه‌مه‌نی و سارده‌مه‌نیان له‌سه‌ر ئاوی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌یه ، ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ش ئێستا به‌ده‌ست كه‌می ئاوی خاوێن, كه بۆ خواردنه‌وه بشێت ده‌ناڵێنن ، گه‌ڕه‌كی ته‌عجیل له رووی بیناسازییه‌وه له‌سه‌ر شێوازی كۆن و زۆربه‌ی خانووه‌كانیشیان له قوڕو كه‌رپوچ دروستكراوه ، زۆربه‌ی كۆڵانه‌كانیشی ته‌نگه‌به‌ره, بۆیه له‌به‌ر كۆنی گه‌ڕه‌كه‌كه‌و تۆڕی ئاوی خواردنه‌وه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی هه‌ولێر بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گه‌ڕه‌كه له‌ئاوی پیس رزگاری بێت تۆڕێكی تری ئاوی خواردنه‌وه له‌سه‌ر رووی زه‌وی راكێشا، ئێستا ئه‌و تۆڕه نوێیه له‌زۆر جێگادا شكاوه‌و ئاوی زێرابی له‌گه‌ڵ تێكه‌ڵ ده‌بێت.
(حه‌سه‌ن ساڵح) یه‌كێكه له دانیشتوانی ئه‌م گه‌ڕه‌كه سه‌باره‌ت به گرفته‌كه‌یان ووتی : من له ماڵه‌كه‌ی خۆم كه ئاو ده‌كه‌ینه‌وه كرم و پیسی ئاوی زێراب له‌گه‌ڵی دێته ده‌ره‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش خۆم نه‌خۆش كه‌وتوم و منداڵه‌كه‌شم نه‌خۆش كه‌وتوون بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گرفته‌ش بگه‌یه‌نینه لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار موختاری گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان لێ ئاگادار كردۆته‌وه كاتێك كرمی ناو بۆڕی ئاوی خورادنه‌وه‌مان بۆ بردووه .
هه‌روه‌ها وتیشی: ئێستا هاتنه ده‌ره‌وه‌ی كرم له‌ئاوی خواردنه‌وه شتێكی ئاساییه لامان ، چونكه له‌گه‌ڵی راهاتووین و ناچاریشین ئه‌و ئاوه بخۆینه‌وه, چونكه فه‌رمانبه‌رم و موچه‌كه‌م به‌شی كڕینی ئاوی خاوێن ناكات .
(باجی نه‌جیبه) ش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه وتی: چه‌ند جار كرێًكارمان هێناوه بۆ چاككردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆڕییه به‌ڵام هه‌ر شكاوه‌ته‌وه هیچ لایه‌نێكیش نه‌هاتووه بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كه‌مان. .
(خاتوو سوهه‌یله) هاووڵاتیه‌كی تری ئه‌و گه‌ڕكه‌یه‌و هه‌روه‌ك خۆی وتی: به‌ده‌ست نه‌خۆشی گورچیله‌كان ده‌ناڵێنێ و وتی ئێمه رۆژانه به‌ناچاری ده‌بێ ئه‌و ئاوه بخۆینه‌وه, ئه‌و ئاوه‌ش خۆی له‌خۆیدا له‌گه‌ڵ ئاوی زێراب تێكه‌ڵ بووه, ئه‌وه‌ش كارگه‌رییه‌كی راسته‌وخۆی هه‌یه له‌سه‌ر ژیانی من و هه‌موو هاووڵاتیانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه, بۆیه داواكارین له لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌زووترین كات چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفته‌مان بۆ بكه‌ن .
سه‌باره‌ت به‌و گرفته‌و بۆ به‌دواداچوونی زیاتر سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی هه‌ولێرمان كرد له‌وباره‌یه‌وه (مه‌سعود محه‌مه‌د كاڕه‌ش) به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی هه‌ولێر، له‌باره‌ی چۆنیه‌تی هاتنی ئاو له‌سه‌رچاوه‌كان و دابه‌شكردنی به‌سه‌ر هاووڵاتیان و گرفتی گه‌ڕه‌كی ته‌عجیل وتی: : ئێمه مانگانه كۆبوونه‌وه‌ی ژینگه‌ییمان هه‌یه له‌گه‌ڵ پارێزگای هه‌ولێر, دوایین راپۆرتیش كه پێشكه‌ش كرابێت سه‌باره‌ت به باری دروستی ئاوی هه‌ولێر ئه‌نجامه‌كه‌ی به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر باش پاك بووه, سه‌باره‌ت به سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌ولێر ئێمه له‌سێ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ئاو دابین ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ ئاوی بیره‌كانی ناو شار ، ئه‌و ئاوه‌ش كه ده‌نێردرێت بۆ ناو شار به‌ر له‌هاتنی له تاقیگه پشكنینی بۆ ئه‌نجام ده‌درێت, ئه‌گه‌ر به‌گوێره‌ی تایبه‌تمه‌ندی جیهانی نه‌بێت, كه دیاری كراوه ئه‌وه ناینێرین, بۆ پاك كردنه‌وه‌ی ئاوی هاتوو بۆ شاری هه‌ولێر ماده‌ی كلۆر و شه‌ب به‌كاردێنین و له پرۆژه‌ی ئاوی ئیفرازیش ماده‌یه‌كمان هه‌یه به‌ناوی (پۆلیمه‌ر)كه له‌هه‌موو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئێمه یه‌كه‌م جاره به‌كاری ده‌هێنین ، ئه‌و هه‌موو هه‌وڵه‌شمان بۆ زیاتر خاوێنكردنه‌وه‌ی ئاوی هه‌ولێره ، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی هه‌ولێر له درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی: گرفتی ئێمه لێره ده‌ست پێده‌كات كاتێك ئاو ژووره‌كانی بیر به‌جێده‌هێڵێت و ده‌چێته ناو تۆڕه‌كانی ئاوی خواردنه‌وه به‌شێك له هاووڵاتیان به‌بێ ره‌زامه‌ندی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی هه‌ولێر تۆڕه‌كانی ئاو ده‌شكێنن و به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ناته‌كنیكی ئاو بۆ ماڵه‌كانیان راده‌كێشن ئه‌وه خۆی له خۆیدا گرفتێكه بۆ ئێمه دروست ده‌بێ بۆ پیسبوونی ئه‌و ئاوه‌ی, كه ده‌نێردرێت له‌سه‌رچاوه‌كانی ئاو ، گرفتی گه‌ڕه‌كی ته‌عجیلیش هه‌مان ئه‌و گرفته‌یه, كه له‌سه‌ره‌وه باسمان كرد هاووڵاتیان به‌بێ گوێدانه ئه‌وه‌ی كه ئاوی گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان پیس ده‌بێت بۆڕییه‌كانی تۆڕی ئاوی خواردنه‌وه ده‌شكێنن بۆ راكێشانی ئاوی خواردنه‌وه بۆ ماڵه‌كانیان له‌بڕی بۆڕیش سۆنده به‌كارده‌هێنن ، هه‌روه‌ك وتیشی ئێمه دوای سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م گرفته بۆ رێگرتن له پیسبوونی تۆڕی ئاوی خواردنه‌وه تیمی تایبه‌ت پێك ده‌هێنین بۆ پاككردنه‌وه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ی ئه‌و گه‌ڕه‌كه .
پیسبوونی ئاوی خواردنه‌وه له هه‌ر گه‌ڕه‌ك و ناوچه‌یه‌كدا هۆكارێكی سه‌ره‌كی بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌یان نه‌خۆشییه و زۆرجاریش ئه‌و نه‌خۆشیانه نه‌خۆشی گوازراوه‌ن, واته له‌كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكی تر ده‌گوازرێنه‌وه ، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه مه‌ترسییه‌كی زۆری ده‌بێ بۆ بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كان و به‌تایبه‌تیش نه‌خۆشی كۆلێرا, كه ئێستا به‌شێك له‌شارو شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دووچاری ئه‌م نه‌خۆشییه بوونه‌ته‌وه ، كه به‌بڕوای زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی, كه لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر ئه‌و نه‌خۆشییه كردووه هۆكاری بڵاووبونه‌وه‌ی ئاوی پیسی ئه‌و شارانه‌یه, كه نه‌خۆشییه‌كه‌ی تیادا بڵاوبووه‌ته‌وه، بۆیه پێویسته له‌سه‌ر لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ڕێنمایی پێویست و هۆشیاری بداته دانیشتوانی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه له رێگرتن له‌شكاندنی بۆڕییه‌كان و مه‌ترسی ئه‌و شكاندنه له پیسبوونی ئاوی خواردنه‌وه و بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كان به‌هۆیه‌وه .
| |
 |