ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌
به‌ دروشمی (نه‌ورۆزێكی ژینگه‌یی) یادی نه‌ورۆزی (2715) ده‌كاته‌وه‌
   
(8/3/2015)



ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ به‌ دروشمی (نه‌ورۆزێكی ژینگه‌یی) یادی نه‌ورۆزی (2715) ده‌كاته‌وه‌، ده‌یانه‌وێ له‌م نه‌رۆزه‌ گرنگی به‌ پاراستنی ژینگه‌ بدرێت.
لوقمان شێروانی وته‌بێژی ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ له‌لێدوانێكی رۆژنامه‌وانی راگه‌یاند، ده‌سته‌كه‌مان به‌ دروشمی (نه‌ورۆزێكی ژینگه‌یی ) یادی نه‌ورۆزی ساڵی (2715) ده‌كاته‌وه‌ ،ئامانجیش له‌م دروشمه‌ ده‌مانه‌وێ نه‌ورۆزێك یاد بكه‌ینه‌وه‌ كه‌مترین زیانی ژینگه‌یی هه‌بێت بۆ سروشتی جوانی كوردستان .
شێروانی ئه‌وه‌شی خسته‌روو، ئێمه‌ له‌م نه‌ورۆزه‌ داوا له‌ هاونیشتمانانی خۆشه‌ویستی كوردستان ده‌كه‌ین له‌ رۆژی نه‌ورۆز تایه‌ و ماده‌ بلاستیكیه‌كان نه‌سوتێنن،چونكه‌ له‌ كاتی سووتانی تایه‌ی ئۆتۆمبێل ده‌بێته‌ هۆی زیندووبوونه‌وه‌ی گازی یه‌كه‌م و دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن و كانزا قورسه‌كان وه‌ك (زه‌رنیخ ،قورقوشم)، ئوكسیدی نایترۆجین ،مادده‌ی ئه‌ندامی به‌بارۆیشتوو،گه‌ردیله‌ی بچووك و ئۆكسیدی كبریت كه‌ ده‌چێته‌ هه‌وا و كار له‌ پێكهاته‌ی گه‌ردیله‌ی ئۆزۆن ده‌كات به‌ره‌و نه‌مان و لێك ترازانیان ده‌بات .
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، تایه‌ی ئۆتۆمبێل له‌ بازنه‌یه‌كی پۆڵا یان كانزا دروستكراوه‌ كه‌ ده‌ور دراوه‌ به‌ لاستیكێكی ده‌ستكرد و پێكهاته‌ی كیمیایی لاستیكه‌ ده‌ستكرده‌كه‌ پشت ده‌به‌ستێت به‌ پێكهاته‌ی به‌نزین ،كاربۆنی ڕه‌ش ، ئۆكسیدی زینك ،كبریت ،كانزا ،سولفه‌ر و هه‌ندێ‌ مادده‌ی تر.
وته‌ بێژه‌كه‌ی ده‌سته‌ی ژینگه‌ ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، ئه‌م گازانه‌ به‌ هه‌ڵم ناچن به‌ڵكو كۆده‌بنه‌وه‌ له‌ ئاستێكی دیاریكراو له‌ به‌رگی زه‌ویدا و هه‌موویان مادده‌ی شێرپه‌نجه‌ین بۆیه‌ كاریگه‌ری خراپی له‌ سه‌ر ته‌ندروستی هاوڵاتیان هه‌یه‌ به‌ تایبه‌تی منداڵ.كه‌ ده‌بێته‌ هۆی تووشبوونی نه‌خۆشی ڕه‌بۆ. به‌ تایبه‌تی له‌ نێوان (13-16) ساڵ كه‌ نه‌خۆشیه‌كی مه‌ترسی داره‌ له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی مردن.
لوقمان شێروانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد،ئێمه‌ داوامان له‌ هاوڵاتیان خۆشه‌ویسته‌ له‌كاتی گه‌شت و سه‌یران پارێزگاری له‌ سروشت و دار و ئاوی كوردستان بكه‌ن و پاشماوه‌كانیان جێنه‌هلێن له‌ سه‌یرانگاكاندا .ئه‌وه‌شی وت" داوا له‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و مامۆستایانی ئایینی و رێكخراوه‌ و ژینگه‌دۆستان و ده‌كه‌ین زیاتر تیشك بخه‌نه‌ سه‌ر پرسی ژینگه‌پارێزی، چونكه‌ ژینگه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ژیانی هه‌موومانه‌وه‌ و كه‌س له‌ زیانی پیسبوونی ژینگه‌ به‌ده‌ر نییه‌".