دەگمەنترین دیاردەی خۆر لەسەر زەویی    
(24/10/2013)



شکۆی خۆر(Sun glory) دەگمەنترین دیاردەی کەشی زەوییە، کە پێوەندی بەخۆرەوە هەیە. لەم دیاردەدا تیشکی خۆر لەئاراستەی بەرامبەر خۆر بەشێوەی خەرمانەیەکی روناکی بەدەوری سێبەری تەنەکانەوە دروست دەبێت.

ئەم وێنەیە لەلایەن (ئاڤانی ئاگارول )ی وێنەگرەوە، کاتێک لەناو فرۆکەدا لەسەر کالیفۆڕنیا دەسوڕایەوە، لەشوشەی فڕۆکەوە تۆمارکراوەو بۆ نەشناڵ جیوگرافی نێردراوە. لەم وێنەدا خەرمانەی روناکی لەدەوروبەری سێبەری فڕۆکەکەدا دەبینرێت، بەم دیاردە دەگوترێت شکۆی خۆر(Sun glory ).

کاتێک تەنێک قەبارە رواڵەتییەکەی زۆر بچووکە، گورزەکانی تیشکی خۆر لەدەوروبەرییدا تووشی پەرش بوونەوە دەبێت‌و شیتەڵ دەبێتەوە بە رەنگەکانیتر. ئەم تێشکانە بەهۆی خۆجییەتی گۆیین لەدەوروبەری تەنەکەدا بڵاودەبێتەوەو لەدیدی تەنەکەوە شێوەیەکی بازنەیی بەخۆوە دەگرێت. بەم شێوە چاودێر(هەمان تەنەکە) لەدەوروبەری خۆییدا، خەرمانەیەکی رەنگاورەنگی گۆیین دەبینێت.

ئەم دیاردە تاڕادەیەک هاوشێوەی هەمان خەرمانەی رەنگاورەنگە روناکییەیە کە لەهەوای مژاوییدا ، یان لەبنمیچی حەوزی مەلەدا لەدەوروبەری گڵۆپە شیرییەکاندا دەبینرێت؛ بەڵام جیاوازییەک هەیە، لێرەدا تەنها چاودێرێک دەتوانێت شکۆی خۆر ببینێت کە لەنێوان خۆرو تەنەکەدا بێت. ئەم دیاردە زۆر بە دەگمەن دروست دەبێت‌، هەر بۆیە تەنها گەشتیارانی هێڵە ئاسمانییەکان یان ئەو کەژەوانانەی لەکاتی هەڵهاتنی خۆردا لەسەر لوتکەی کێوە بەرزەکان وەستاون دەتوانن، لە لوتکەکەدا بیبینن.



ئەو کەسانەی لەگەڵ میکانیکی کوانتەمییدا ئاشنان، بێگومان ناوی دیاردەیەکیان بەناوی تونێل لێدان(tunneling ) بیستووە. لەم دیاردەدا تەنۆلکە دەکرێت لەشوێنێکدا دەربکەوێت کە لەمیکانیکی کلاسیکییدا رێگە پێدراو نییە. دیاردەی گلۆری هەمان سروشتی تونێل لێدانی هەیە، لێرەدا فۆتۆنەکان بەهۆی شکانەوەیان لەلایەن هەورە بارانییەکانەوە دیاردەی تونێل لێدانی کلاسیکی دروستدەکەن. ئەگەر فۆتۆنەکان، واتە تەنۆلکەی پێکهێنەری روناکی، وەک تەنی گەورە لەبەرچاو بگێردرێن ئەم دیاردە ناکرێت بەشێوەی زانستی پاساوی بۆ بدۆزرێتەوە، واتە دیاردەکە پێوستە بەسروشتی شەپۆلی روناکییەوە.