ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌
ورۆكشۆپی كه‌مكردنه‌وه‌ی پاشماوه‌كانی ساز كرد
   
(1/4/2015)



ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ به‌ ئامانجی كه‌مكردنه‌وه‌ی پاشماوه‌كان به‌ ئاماده‌بوونی لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم و رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان و پسپۆرانی بواری ژینگه‌ ، ئه‌مرۆ 31/3/ 2015وۆركشۆپی (كه‌مكردنه‌وه‌ی پاشماوه‌كان پاراستنی ژینگه‌ و ئابووری كوردستانه‌) له‌ هه‌ولێر ساز كرد.
سه‌ره‌تای وۆركشۆپه‌ لوقمان شێروانی وته‌بێژی ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ ئه‌وه‌ی خسته‌روو، به‌ فه‌رمانی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ به‌ ژماره‌ (2155) له‌ به‌رواری (21/12/2014) لێژنه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی پاشماوه‌كان له‌ فه‌رمانگه‌كانی هونه‌ری و راگه‌یاندن و كارگێری پێكهێنا به‌ ئامانجی دیاری كردنی ره‌وشی ئێستای پاشماوه‌كان و كۆ كردنه‌وه‌ی زانیاری . لێژنه‌كه‌ دوای چه‌ندین سه‌ردان و
كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان،چه‌ندین زانیاری كۆ كرده‌وه‌.كه‌ رۆژانه‌ له‌ هه‌ر سێ شاره‌كه‌ی كوردستان 8300 تۆن پاشماوه‌ هه‌یه‌.حكومه‌تی هه‌رێم مانگانه‌ (11) ملیار دینار دابین ده‌كات بۆ كۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌و پاشماوانه‌.به‌پێی ستانداردی جیهانی پێویسته‌ رۆژانه‌ هه‌ر هاوڵاتیه‌ك (نیو) كیلۆ پاشماوه‌ی هه‌بێت،به‌ڵام له‌ كوردستان هه‌ر هاوڵاتیه‌ك زیاتر له‌ كیلۆ و نیوێك پاشماوه‌ی هه‌یه‌.
شێروانی ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد .دوای گه‌یشتن به‌م زانیاریانه‌ لێژنه‌ی ناوبراو پرۆگرامێكی دیاری كردووه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی پاشماوه‌كان. ئه‌ویش به‌ دابه‌شكردنی به‌ دوو ستوون ، یه‌كه‌میان هۆشیاری هاوڵاتیان. دووه‌میان ده‌ركردنی رێنمایی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی پاشمانه‌وه‌كان له‌لایه‌ن دام و ده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێم .ئه‌وه‌شی وت " ئه‌م وۆركشۆپه‌ بۆ تاوتوێ كردنی میكانیزمی جێبه‌جێ كردنی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌".
دوات له‌ وۆركشۆپه‌كه‌ له‌لایه‌ن مه‌ریم سه‌مه‌د جێگری سه‌رۆكی لێژنه‌ی ته‌ندروستی وژینگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و ئاماژه‌ به‌ گرنگی پاراستنی ژینگه‌ كرد،به‌تایبه‌تی له‌ رووی پاشماوه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ و هه‌موو پاڵپشتێكی په‌رله‌مانی كوردستانی ده‌ربڕی بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له‌ خاك و ئاو و هه‌وای كوردستان بكرێت.
دواتر خه‌سرۆ كه‌مال ئه‌حمه‌د بریكاری وه‌زیری شاره‌وانی حكومه‌تی هه‌رێم،ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد،پاشماوه‌كان زۆرن له‌ كوردستان و ئه‌ركی هه‌موولایه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌م بكریته‌وه‌،به‌تایبه‌تی ئه‌و وه‌زاره‌ت و لایه‌نانه‌ پاشماوه‌یان زۆر هه‌یه‌ . ئه‌وه‌شی وت " حكومه‌ت بودجه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ له‌و بواره‌ خه‌رج ده‌كات و ده‌كرێت بۆ چه‌ندین كاری تر به‌كار بێت،ئه‌گه‌ر پاشماوه‌كان كه‌مبكرێته‌وه‌ . ".
هه‌ر له‌ وۆركشۆپه‌كه‌ سه‌مه‌د مه‌حمه‌د حسین سه‌رۆكی ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ ئه‌وه‌ی خسته‌روو،ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ له‌م وۆركشۆپه‌ چه‌ند راسپارده‌یه‌كی گرنگ و شیاوی جێبه‌جێ كردن بێت به‌رهه‌م بێنن بۆ ئه‌وه‌ی كار بكاته‌ سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی پاشماوه‌كان ،ئه‌گه‌ر به‌رێژه‌ی (1%)یش بێت هه‌نگاومان ناوه‌ بۆ به‌ره‌و پاراستنی ژینگه‌ و گه‌رانه‌وه‌ی بودجه‌ی حكومه‌ت. ئه‌وه‌شی وت" زۆر كارگه‌ و كۆمپانیا هه‌یه‌ كه‌لوپه‌لی كوالێت نزم هاورده‌ ده‌كه‌ن و ده‌كرێت ئه‌م كوالێتیه‌ به‌رز بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر زۆر پاشماوه‌كان بكات".
دواتر له‌لایه‌ن ره‌زاق خه‌یلانی به‌رێوه‌به‌ری كاروباری هونه‌ری له‌ ده‌سته‌ی ژینگه‌ پرۆگرامی كه‌مكردنه‌وه‌ی پاشماوه‌كان پێشكه‌شی ئاماده‌بوون كرا، له‌ سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كان پشكیان دیاری كرا بوو بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵیان هه‌بێت له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی پاشماوه‌كان .وه‌كو دام و ده‌زگاكانی حكومه‌ت و راگه‌یاندن و مامۆستایانی ئایینی و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ژینگه‌دۆستان .
ئه‌م وۆركشۆپه‌ به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی وجێگری لێژنه‌ی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكی لێژنه‌ی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك و نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و كه‌شتوكاڵ و ته‌ندروستی و پیشه‌ساز و بازرگانی و ئه‌وقاف و خوێندنی باڵا و په‌روه‌رده‌ و به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی گومرگ و یه‌كێتی زانایان و یه‌كێتی هاورده‌ وناردنكارانی كوردستان و یه‌كێتی ژووره‌
بازرگانییه‌كان و كۆمه‌ڵی میوانخانه‌ و چێشتخانه‌كانی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ رێكخراوه‌كانی ژینگه‌ و چه‌ندین پسپۆری بواری ژینگه‌ به‌شداربوون له‌ وۆركشۆپه‌ بۆ گه‌ڵاڵه‌ كردنی میكانزمی كه‌مكردنه‌وه‌ی پاشماوه‌كان.
دوای پیشكه‌ش كردنی وته‌كان ده‌رگای گفتوگۆ كرایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دید وبۆچوونه‌كان كۆبكرێته‌وه‌ بۆ دانانی میكانزمی جێبه‌جێ كردنی ئه‌م پرۆگرامه‌. له‌ كۆتایی وۆركشۆپه‌كه‌ وێرای ده‌ست خۆشی بۆ ده‌سته‌ی ژینگه‌ و بریار درا لێژنه‌یه‌ك دیاری ده‌كرێت بۆ دانانی راسپارده‌كان و دیاری كردنی لایه‌نی جێبه‌جێكار .