له‌ هه‌ولێر سیمینارێكی ژینگه‌یی بۆ قوتابیان به‌رێوه‌چوو    
(17/11/2014)



سایتی ژینگه‌-دانا ته‌ها:
فۆتۆ/ ئاسۆ قاره‌مان
له‌ قوتابخانه‌ی چوارتای بنه‌ڕه‌تی تێكه‌ڵاوی شاری هه‌ولێر سیمینارێكی ژینگه‌یی به‌رێوه‌چوو. ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 17/11/2014 به‌ ئامانجی بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری ژینگه‌یی له‌نێو توێژی قوتابیان و ئاشناكردنیان به‌ پێكهاته‌و میكانیزمه‌كانی پاراستنی ژینگه‌، سیمینارێكی ژینگه‌ی بۆ ژماره‌یه‌ك له‌ خوێنده‌ڤانانی قوتابخانه‌ی چوارتای بنه‌ڕه‌تی تێكه‌ڵاو له‌ شاری هه‌ولێر به‌رێوه‌چوو. سیمیناره‌كه‌ش له‌لایه‌ن مامۆستا وه‌زیره‌ محه‌مه‌د پێشكه‌شكرا و تیایدا دوای خستنه‌ڕووی كورته‌یه‌ك له‌سه‌ر ژینگه‌و شیكردنه‌وه‌ی پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ژینگه‌، پێشكه‌شكار پرژایه‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كه‌ و به‌ پێشكه‌شكردنی زانیاری و رێنمایی ژینگه‌یی په‌یوه‌ست به‌ قوتابیان پتر سه‌رنجی ئه‌وانی بۆ پرسی ژینگه‌ كێشكرد. هه‌روه‌ها تیشكیشی خسته‌ سه‌ر ئه‌و رۆڵه‌ی كه‌ قوتابیان ده‌توانن له‌ پێناو پاراستنی ژینگه‌دا بیبینن و له‌و رووه‌وه‌ هانی ئه‌وانی دا بۆ خزمه‌تكردن و پارێزگاری كردن له‌ پاكراگرتنی ژینگه‌. هه‌ر له‌ میانی ئه‌و چالاكییه‌دا، تیشێرت و كاسكێتی ژینگه‌یی و پۆسته‌رو پرۆشه‌رو نامیلكه‌ی رێنمایی ژینگه‌یی به‌سه‌ر قوتابیانی به‌شداربووی سیمیناره‌كه‌ به‌خشرانه‌وه‌.