به‌لاغی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ژینگه‌،
به‌بۆنه‌ی هاتنی رۆژی ژینگه‌ی جیهانی

"حه‌وت ملیار خه‌ون، یه‌ك هه‌ساره‌، گه‌شه‌پێدان"
   
(4/6/2015)



ئه‌نجوومه‌نی باڵای ژینگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ نوێنه‌ری سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم پێكهاتووه‌. به‌بۆنه‌ی هاتنی رۆژی ژینگه‌ی جیهانی، رۆژی سێ شه‌ممه‌ رێككه‌وتی 2/6/2015 به‌ ئاماده‌بوونی وه‌زیری هه‌رێم وبریكاری وه‌زیر بۆ كاروباری ده‌سته‌ی ژینگه‌ و سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی خۆی له‌ناو دیوانی ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌

ئه‌نجامدا. دوای تاوتوێكردنی ره‌وشی ژینگه‌ی هه‌رێم و ته‌وه‌ره‌كانی په‌یوه‌ند به‌ یادی رۆژی ژینگه‌ی جیهانی و فاكته‌ره‌كانی پاراستنی ژینگه‌، گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كراوه‌.

له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌ ئه‌م بریارانه‌ ده‌ركرا :

1- به‌ هاوكاری وه‌زاره‌تی ناوخۆ بۆماوه‌ی دوو خوله‌ك له‌ رۆژی هه‌ینی كاتژمێر (11:00 تا 11:02 ) ئۆتۆمبێله‌كانی كوردستان بكوژێنرێته‌وه‌ وه‌كو په‌یامێك بۆ پاراستنی ژینگه‌ی كوردستان .له‌ رۆژی جیهانی ژینگه‌دا.

2- پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ نوێنه‌ری وه‌زاره‌ته‌كانی (كشتوكاڵ، ناوخۆ، ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی، پێشمه‌رگه‌، ده‌سته‌ی ژینگه‌). رێگر كردن له‌ هۆكاره‌كانی ئاگر كه‌وتنه‌وه‌ له‌ دارستان و پاوانه‌كان.

3- وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی و یه‌كێتی زانایان بۆ ئه‌وه‌ی له‌رێگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ مامۆستایانی ئایین ئاگاداربكرێنه‌وه‌ كه‌ گرنگی به‌پرسی ژینگه‌ بده‌ن، به‌تایبه‌تیش كه‌ ئه‌مساڵ ئه‌م یاده‌ ده‌كه‌وێته‌ رۆژی هه‌ینی.

4- هه‌وڵدان بۆ بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی هه‌ردوو هێزی فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌ی پاراستنی ژینگه‌ و پۆلیسی دارستان وژینگه‌ له‌ پێناو دروست بوونی هێزی ژینگه‌ بۆ پاراستنی ژینگه‌ی كوردستان.
5- داوای هاوكاری له‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و رێكخراوه‌كان بكرێت بۆ كار و چالاكییه‌كان له‌ رۆژی ژینگه‌یی بۆ فراوانبوونی پانتایی هۆشیاری ژینگه‌پارێزی له‌ كوردستان .

6- ده‌رچوونی بریارێكی تایبه‌ت بۆ ئه‌و بهه‌موو ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی كه‌ له‌ شه‌قامه‌كان و شوێنه‌ گشتییه‌كان كاری خاوێنكردنه‌وه‌ ده‌كه‌ن ناو بنرێن (كارمه‌ندی ژینگه‌پارێز).

له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌ هه‌موولا هاورابوون پرسی ژینگه‌ پێویسته‌ به‌ نیشتمانی بكرێت و كۆبوونه‌وه‌كان مانگانه‌ ساز بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌نداره‌كانی حكومه‌ت رۆڵیان هه‌بێت له‌ پرسی پێشكه‌وتنی ژینگه‌ی كوردستان.