ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌
گفتوگۆی كراوه‌ی هه‌مانكی نێوان حكومه‌ت رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ساز كرد
   
(22/12/2014)



ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ به‌ ئامانجی به‌ هێز كردنی هه‌ماهه‌نگی نێوان حكومه‌ت رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی گفتوگۆیه‌كی كراوه‌ی بۆ ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی ده‌زگاكانی حكومه‌ت و په‌رله‌مانتاران و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر و رێكخراوه‌ ژینگه‌ییه‌كان له‌ قه‌زای كۆیه‌ی ساز كرد.

ئه‌حمه‌د موحه‌ممه‌د به‌رێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی هۆشیاری و راگه‌یاندن به‌ ماڵپه‌ری ژینگه‌ی راگه‌یاند، ئێمه‌ پێمان وایه‌ هه‌موو چین و توێژه‌كان پێویسته‌ هه‌ماهه‌نگ بن بۆ پاراستنی ژینگه‌.ئه‌وه‌شی خسته‌روو،ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ ئێستا شاره‌وانی كۆیه‌ ژماره‌یه‌ك داری به‌ ته‌مه‌نیان رێكاری كردبوو و ئه‌وانه‌ی وشك بوون بڕینه‌وه‌ ،به‌ڵام رێكخراوه‌ ژینگه‌ییه‌كان له‌و كاره‌ی شاره‌وانی نیگه‌ران بوون و ئاڵوزێك دروست بوو.بۆیه‌ ئێمه‌ش ئه‌م گفتوگۆیه‌مان به‌ گرنگ زانی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت پێكه‌وه‌ كار بۆ پاراستنی ژینگه‌ بكرێت.

گفتوگۆ كراوه‌كه‌ به‌ ناونیشانی ( هه‌ماهه‌نگی نێوان حكومه‌ت و رێكخراوه‌كان بۆ پاراستنی ژینگه‌) ساز كرابوو له‌. رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ 21/12/2014 . كاتژمێر (3)ی دوای نیوه‌رۆ. له‌ قه‌ازی كۆیه‌ ، هۆڵی نه‌جیبه‌ خان بوو. كه‌ زیاتر له‌ 70 كه‌سایه‌تی جۆراوجۆر له‌ به‌رپرسی ده‌زگاكانی حكومه‌ت و په‌رله‌مانتاران و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر و رێكخراوه‌ ژینگه‌ییه‌كان و مامۆستایانی زانكۆی كۆیه‌ و چالاكوانانی مه‌ده‌نی ئاماده‌بوون.

سه‌ره‌تای گفتوگۆی كراوه‌كه‌ به‌ وته‌یه‌كی سه‌مه‌د موحه‌ممه‌د سه‌رۆكی ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ ده‌ستی پێكرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد،پاراستنی ژینگه‌ ئه‌ركی هه‌موولایه‌كمانه‌ و پێویسته‌ هه‌موو ده‌زگاكانی حكومه‌ت و رێكخراوه‌كان رۆڵی هه‌ماهه‌نكمان هه‌بێت بۆ ئاراستنی ژینگه‌،چونكه‌ ژینگه‌ خزمه‌ت به‌هه‌موومان ده‌كات .

دواتر چابوك عومه‌ر قایمقامی قه‌زای كۆیه‌ له‌ وته‌یه‌كی دا ئه‌وه‌ی خسته‌روو،ئێمه‌ پاراستنی ژینگه‌ به‌ گرنگ ده‌زانین و پێمانوایه‌ ئه‌ركی هه‌موولایه‌كمانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ژینگه‌ بپارێزین . ئه‌وه‌شی وت" ئه‌و دارانه‌ی له‌ كۆیه‌ كاری رێكاری بۆ كراوه‌ له‌سه‌ر بنه‌ما و رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكومه‌تی هه‌رێم بووه‌ و ئه‌و كاره‌ش بۆ جوانكاری ژینگه‌یی و بوژانه‌وه‌ی داره‌كان كراوه‌ .

دواتر لوقمان شێروانی وه‌كو به‌رێوه‌برنی گفتوگۆكراوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌ رۆڵ و ده‌سه‌ڵاتی رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان كرد به‌پێی یاسای ژماره‌(1)ی ساڵی 2011 كه‌ بریتی بوون له‌ ماده‌كانی (ماده‌ی هه‌شته‌م : رێكخراو هه‌وڵ ده‌دات كار بكات بۆ به‌جێ گه‌یاندنی ئامانجه‌كانی ، به‌و جۆره‌ی له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی دیموكراسی و په‌یماننامه‌ و رێككه‌وتننامه‌كانی نیوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به‌ مافی مرۆڤ ده‌گونجێن و ده‌بێت روون و ئاشكراش بن.
ماده‌ی ده‌یه‌م : رێكخراو به‌پێی یاساكار پێكراوه‌كان و له‌ بواری پسپۆرایه‌تیدا:
1 - رۆڵی ده‌م و ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت هه‌ڵده‌سه‌نگنێنن.
2- گه‌یشتن به‌ زانیارییه‌كان.
3- به‌ستنی گردبوونه‌وه‌ و كۆبوونه‌وه‌ و خۆپێشاندان و مانگرتن و به‌ستنی كۆنگره‌ و وۆركشۆپ و،هه‌ر چالاكییه‌كی دیكه‌ مه‌ده‌نی .
4- بڵاوكردنه‌وه‌ی راپۆرت و زانیاری و چاپكردنی بڵاوكراوه‌ و بیر ورا وه‌رگرتن).

پاشان گفتوگۆ كراوه‌كه‌ ده‌ستی پێكرد و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئاماده‌بوان را و بۆچوون و سه‌رنجه‌كانی خۆیانه‌ خسته‌روو بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نكی زیاتر له‌ نێوان رێكخراوه‌كان و ده‌زگاكانی حكومه‌ت له‌ كۆیه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا و ئاماده‌بوان زۆر به‌ گرنگه‌وه‌ ئاماژه‌یان به‌ پاراستنی ژینگه‌.

ئاماده‌بوان ئه‌م گفتوگۆیه‌یان زۆر به‌ گرنگ زانی و ده‌ست خۆشیان له‌ ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ كرد و هیوایان خسته‌ هه‌موان پێكه‌وه‌ هه‌ماهه‌نك بن بۆ چاره‌سه‌ر كردنی مه‌ترسیه‌كانی ژینگه‌ .. گفتوكۆیه‌كه‌ دوو كاتژمێری خایاند و به‌ كارێكی نموونه‌یی ناوه‌زد كرا.