رێكخراوی ژینگه‌دۆستانی گه‌رمیان چه‌ند چالاكییه‌كی ژینگه‌یی ئه‌نجامده‌ده‌ن    
(24/10/2013)



له‌پێناو پاراستنی ژینگه‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری ژینگه‌یی و كه‌مكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی به‌بیابان بوون، رێكخراوی دۆستانی ژینگه‌ی گه‌رمیان زنجیره‌ چالاكییه‌كیان له‌ گونده‌كان و قوتابخانه‌كانی ئه‌و گوندانه‌ سازكرد، كه‌ بریاره‌ له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتووشدا به‌رده‌وامیان هه‌بێت. له‌و باره‌یه‌وه‌ ئازادا ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی رێكخراوی ناوبراو رایگه‌یاند: به‌هاوكاری فه‌رمانگه‌و رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانی سنووره‌كه‌، به‌شی دووه‌می پرۆژه‌ی هۆشیاركردنه‌وه‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌بیابان بوونمان له‌ گه‌رمیان ده‌ستپێكرد، كه‌ خۆی له‌ ئه‌نجامدانی چه‌ند چالاكیه‌ جۆراوجۆره‌كانی وه‌ك وتنه‌وه‌ی وانه‌ی ژینگه‌یی له‌لایه‌ن راهێنه‌ران به‌قوتابیان و دابه‌شكردنی بڵاوكراوه‌و پرۆشۆر به‌سه‌ر قوتابخانه‌كانداو سه‌ردانی كردنی ماڵ به‌ماڵی گونده‌كان له‌لایه‌ن تیمی راهێنه‌ران و پێدانی رێنمایی ژینگه‌یی و كیسی پاشه‌رۆییه‌كان پاككردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان ده‌بینیه‌وه‌. ئازاد ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌شی گوت: ئه‌م چالاكیانه‌ بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌ كۆتاییشدا دره‌خت دابه‌ش ده‌كرێت به‌سه‌ر دانیشتوانی گونده‌كان و قوتابخانه‌كاندا.