کێ بەرپرسە لە پاراستنى ژینگە؟    
(15/3/2015)



ژینگە ئێستا لە جیهاندا وەک بابەتێکى گرنگ باسى لێوەدەکرێت و بووەتە جێگەى مشتومڕى زۆرێک لە وڵاتە پێش کەوتووەکان، چونکە ژینگە وەک سێیەم بنەما لە پێش کەوتنى وڵاتدا گرنگى پێ دەدرێت دواى هەریەکە لە سیاسەت و ئابوورى وڵات راستەخۆ ژینگە دەبێتە سێ یەک بنەماى پێش کەوتنى وڵات چونکە زۆرێک لە لایەنەکانى تر لەم چوارچێوەیەدا کۆدەبنەوە. بۆیە گرنگە ئەو پرسیارە بکەین ئایا پاراستنى ژینگە لە ئەستۆى کێ دایە؟ لێرەدا دەمەوێت ئاماژەیەک بەو لایەنانە بدەم کە بەر پرسیارن لە پاراستنى ژینگە، چونکە لە ئێستادا لێکدانەوەى جیاواز بۆ ئەم پرسە دەکرێت لە نێوان حکومەت و هاوڵاتیدا هەریەکەیان ئەرکەکە دەخاتە سەرشانى ئەوى تریان.
*لایەنەکانى بەرپرس لە پاراستنى ژینگە.
- لایەنى یەکەم /حکومەت/ حکومەت و دام و دەزگا جێ بەجێ کارەکانى حکومەت ئەرکى سەرەکى پارستنى ژینگەیان دەکەوێتە سەر بەو پێیەى کە زۆرترین دەستەڵاتیان هەیە لە کارەکاندا بە تایبەت لایەنە پەیوەندى دارەکان بە ژینگەوە. ئەرکى حکومەت بریتیە لە دانانى یاسایەکى تایبەت بە پارستنى ژینگە کە هەموو لایەنەکانى ژینگە لە ئەستۆ بگرێت وە بۆ جێ بەجێ کردنى یاساکە پێویستە لێ پرسینەوەو سزادان هەبێت وە ئەم یاسایە لە لایەن دام و دەزگاکانى حکومەتوە گرنگى پێ بدرێت وە هاوڵاتى لێ ئاگاداربکرێتەوە بۆ ئەوەى کە بتوانێت دواتر سەرپێچى کەر لە یاساکە سزا بدرێت. ئەرکێکى ترى حکومەت بریتیە لە دانانى پڕۆگرامى ژینگەیەى لە بوارى پەروەردەدا لەئاستە جیاوازەکاندا بە تایبەت قۆناغى سەرەتایى بۆ ئەوەى نەوەیەکى هۆشیارو ژینگە پارێز دروست بێت بۆ داهاتووى کۆمەڵگەکەمان.
- لایەنى دووەم/ ڕاگەیاندن/ ڕاگەیاندن بەردەوام ڕۆڵى سەرەکى هەبووە لە ژیانى مرۆڤەکاندا وە هۆکارێک بووە بۆ گواستنەوەى پەیامى حکومەت بۆ خەڵکى وە بە پێچەوانەشەوە، کەواتە ڕاگەیاندن ئەرکى لە پاراستنى ژینگەدا بریتیە لە پێدانى هۆشیارى یاساى و زانستى تایبەت بە ژینگە بە هاوڵاتى و وە نیشاندانى گیروگرفتە ژینگەیەکان و ڕوونکردنەوەى لایەنە باش و خراپەکانى بۆ خەڵکى وە ئاگادارکردنەوەى لایەنى پەیوەندیدار بە بابەتەکەوە.
- لایەنى سێ یەم/ ڕێکخراوە ژینگەیەکان/ ڕێکخراوەکان لایەنێکى ترن کە بەرپرسن لە پارستنى ژینگە بە تایبەت ڕێکخراوە ژینگەیەکان چونکە ڕێکخراوەکان زیاتر تێکەڵاو بە خەڵکى دەبن و دەتوانن لە ڕێگەى کاروچالاکى خۆیانەوە هۆشیارى ژینگەیى بە هاوڵاتى بگەێنن هانى خەڵکى بدەن لە پاراستنى ژینگەکەیان وە هەروەها ببنە فشارێک بۆ سەر حکومەت و ئاگادارکردنەوەى لایەنى بەرپرس لە گیروگرفتە ژینگەیەکان.
- لایەنى چوارەم/مامۆستایانى ئاینى/ لە کۆمەڵگەى ئێمەدا هەمیشە مامۆستاى ئاینى و مزگەوتەکان ڕۆڵى گرنگیان هەبووە لە ژیانى خەڵکى دا، لەبەر ئەوە بەشێک لە ئەرکى پاراستنى ژینگە وەک ئەرکێکى ئاینى و نیشتیمانى دەکەوێتە سەرشانیان کە دەبێت هەفتانە لە ڕیگەى وتارەکانیانەوە هانى خەڵکى بدەن بۆ پاراستنى ژینگەکەیان چونکە ئەمە کرێکى ئاینیە کە خوداو پێغەمبەرەکەى(د.خ) لە سەرمانى واجب کردووە.
- لایەنى پێنجەم/ هاوڵاتى/ داوى ئەوەى کە حکومەت هەستا بە ئەرکى خۆى لە دانانى یاساى تایبەت بە پاراستنى ژینگە و لە ڕێگەى لایەنەکانى ترەوە ئەم پەیامەى بە هاوڵاتى گەیاند ئەو کات ئەرکى هاوڵاتى لە پاراستنى ژینگەکەى دەست پێ دەکات، چونکە بۆى ڕۆشن بووەتەوە کە ئەم ژینگەیە تەنها موڵکى کەسێمان نیە بەڵکە بۆ هەموانە بە ڕووەک و گیانەوەرەکانیشەوە بۆیە دەبێت بەرپرسیارنە مامەڵەى لە گەڵدا بکەین وەک ئەرکێکى ئاینى و نیشتیمان پەروەرى بۆ ئەوەى ژیانێکى خۆش و تەندروستیەکى باشمان هەبێت، وە هەروەها ژیگەیەکى لەبار دروست بکەین بۆ نەوەکانى داهاتوومان. کەواتە لێرەوە گەیشتینە ئەوەى کە ئەرکى پارستنى ژینگە تەنها لە ئەستۆى یەک لایەندا نیە بە ڵکو لە ئەستۆى هەموومانە چونکە ژینگە بۆ هەموانە.

ی.ژینگەیى / سبحان هەورامى