بورکانی قوڕاوی؛ هۆکاری رودان و ناوچەکانی    
(1/8/2013)



لە ساڵی (2006)ەوە بورکانی (لوسی) لە ئیندۆنیسیا قوڕ هەڵدەدات، ئەوەش بەشێکی زۆری لەدانیشتوانی گوندەکانی دەوروبەری ناچارکردوە شوێنەکانیان جێبهێڵن، کە ژمارەیان دەگاتە (30) هەزار کەس و هۆکارەکەشی بۆ رودانی بومەلەرزە و هەڵچونی بورکانەکە و هەڵکەندنی بیری غاز دەگەڕێننەوە، لەوبارەیەوە سایتی DWی ئەڵمانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بيرگەر گۆتفريد لۆهەر، پسپۆڕیجیۆفیزیای لە بورکان و زەمینلەرزەکان لەسەنتەری توێژینەوەی ئەڵمانی بۆ زانستی جیۆلۆجی لە بۆتسدام ئەنجامداوە.

بورکانی قوڕاوی چیە؟
بيرگەر گۆتفريد لۆهەر: بورکانی قوڕاوی هاوشێوەی بورکانە ئاساییەکانە، کە لە تۆپەڵی گڕاوی پێکهاتوە، بەڵام ناوەکەی قوڕاوی تێدایە لەبری مادە تواوەکانی دیکە، جگە لەوەش ئەو تۆپەڵانە غازی دوەم ئۆکسیدی کاربۆن و میسانی تێدایە.

ئەو شوێنانە کوێن کە رێژەی زۆر لە بورکانی قوڕاویان تێدایە لە جیهاندا؟
بيرگەر گۆتفريد لۆهەر: بورکانی قوڕاوی زیاتر لەو ناوچانە رودەدات، کە چینی خاکەکەی قوڵە و بە تێپەڕبونی ملیۆنەها ساڵ بە لم و مادەی نەرم پڕبونەتەوە و لە ناوەوەش چەندین جۆری غازی تێدا کۆبۆتەوە، بەهۆی بونی ئەو غازە زۆرانەشەوە، بوەتە جێگەی گرنگی کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت غاز و زۆرترین وڵاتیش کە ئەو جۆرە بورکانی تیدایە، ئازەربایجانە.


ەو غازانە لەکوێوە دێت؟
غازەکانی لەناو زەویەوە دێن، زەوی بە بەردەوامی غاز فڕێدەدات، بەتایبەتیش لەڕێگەی بورکانەکانەوە، بەشێکی زۆر لەو غازانە هەڵمی ئاون، لەگەڵ رێژەیەکی زۆر لە غازی دوەم ئۆکسیدی کاربۆن، جگە لەوەش جۆرە بەکتریایەک هەڵدەستێت بە گۆڕینی غازی دوەم ئۆکسیدی کاربۆن بۆ غازی میسانی گرانبەها کە دەکەوێتە قوڵایی سێ بۆ چوار کیلۆمەتر لە ناو جەرگەی زەویدا، جگە لەوەش لەڕێگەی سوتاندنی غازی میسانەوە، دەتوانرێت وزەی کارەبا بەرهەمبهێنرێت.


ئەی قوڕەکە لە چی پێکهاتوە؟
دەبێت قوڕەکە وەکو گۆزە سەیر بکەین، چونکە لە دەنکی ورد وردی لم پێکهاتوە، کە رێگە لە دەرچونی ئاو و شلەی ناو قوڕەکە دەگرێت و وا دەکات پارێزگاری لەو غازە بکات کە تێیدایە، بەڵام لەکاتی بونی فشارو پاڵەپەستۆ، دەبێت هۆی تەقینەوەی قوڕەکە و دەرچونی قوڕەکە بە بەهێزی.

بورکانی قوڕی لوسی لە ئیندۆنیسیا لە ساڵی 2006ەوە بەبەردەوامی قوڕ فڕێدەدات، هۆکارەکەی چیە؟
بورکانی لوسی دەکەوێتە ناوچەی بورکانە قوڕاوییەکانەوە، کە بە درێژایی هەزاران ساڵ بەردەوامە لە تەقینەوە، هەروەها چەندین کۆمپانیای هەڵکەندن هەیە بۆ دۆزینەوەی غاز، چونکە یەدەگێکی زۆری غاز هەیە لەوێ، ئەوەش دەبێت هۆی تەقینەوەی بورکانی قوڕاوی لە دوری 200 مەتر لە شوێنی هەڵکەندنی چاڵی غازەکان و رۆژانەش 1500 مەتر دوجا قوڕ هەڵدەدەن، بۆیە هۆکاری سەرەکییەکی هەڵکەندنی چاڵە غازەکانە.
بەڵام بۆچونێکی دیکە هەیە، پێش دورۆژ لەتەقینەوەی بورکانی قوڕاوی لەو ناوچەیە، زەمینلەرزەیەک لە دوری 250 کیلۆمەتر لە جاکارتای پایتەختی ئیندۆنیسیاوە رویدا کە گوڕەکەی 6.3 پلە دەبو، کە زەمینلەرزەیەکی روخێنەر بوە و سەدان کەسی کردە قوربانی، هەروەها ئەوەش بوە هۆی رودانی دو زەمینلەرزی دیکە لە ناوچەکانی میرابی و سۆمەترە و هەڵدانی تۆپەڵی بورکانی، هەربۆیە ئەوەش کاریگەری دەکاتە سەر تەقینەوەی بورکانەکان، چونکە چینەکانی خوارەوەی زەوی توانای بەرگەگرتنی ئەو هێزە زۆرەی نیە و بەشوێن دەرچەیەکدا دەگەڕێت کە وزەکەی فڕی بدات و ئەوەش دەبێتە هۆی تەقینەوە بورکانەکان.