زیانه‌كانی به‌كارهێنانی كۆمپیوته‌ر بۆ منداڵان    
(5/8/2013)



ڕۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یلی به‌ریتانی ئاشكرایكرد، به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌كی فه‌ڕه‌نسی جه‌خت كراوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستی دوورخستنه‌وه‌ی‌ ته‌له‌فزیۆن و كۆمپیوته‌ر و ئامێره‌ ئه‌لكترۆنییه‌كانی دیكه‌ له‌ منداڵان، به‌وپێیه‌ی ئه‌و ئامێرانه‌ ده‌بنه‌ هۆی خه‌و زڕان و بینینی خه‌وی‌ ناخۆش، ئه‌مانه‌ش له‌لای خۆیانه‌وه‌ ده‌بنه‌ هۆی په‌شۆكانی مێشك و بیره‌وه‌ری، كه‌ هۆكارن بۆ به‌ده‌ستهێنانی نمره‌ی نزم له‌ قوتابخانه‌دا.

شاره‌زایان ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ نوستن ڕۆڵێكی گرنگی هه‌یه‌ له‌ژیانی منداڵاندا به‌تایبه‌تی ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌ تازه‌ ده‌چنه‌ ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كارییه‌وه‌.

هه‌ر له‌و توێژینه‌وه‌یه‌دا هاتووه‌ كه‌ ئه‌و شاره‌زایانه‌ هه‌ستاون به‌ ئاراسته‌كردنی چه‌ند پرسیارێك له‌ 353 منداڵ له‌نێوان ته‌مه‌نه‌كانی 10 بۆ 11 ساڵدا سه‌باره‌ت به‌ به‌كارهێنانی ته‌له‌فزیۆن و كۆمپیوته‌ر و كاتی نوستنی ئه‌و منداڵانه‌، دواتر بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌و ڕۆژانه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ تێیدا كۆمپیوته‌ریان به‌كارهێناوه‌، دره‌نگ نووستون، جا هه‌رچه‌نده‌ بۆ ڕۆژی دواتریش قوتابخانه‌یان هه‌بوبێت.

توێژینه‌وه‌كه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ش كه‌ ئه‌و منداڵانه‌ی كۆمپوته‌ر زۆر به‌كاردێنن تووشی په‌شۆكان ده‌بن له‌ مێشكیان و بیره‌وه‌ریه‌كانیاندا، هه‌روه‌ها وایان لێده‌كات له‌ هاوڕێكانیان كه‌متر وه‌رزش بكه‌ن و له‌ نوستن دووربكه‌ونه‌وه‌، ئه‌مانه‌ش به‌هۆی گۆڕانكاری له‌ هۆرمۆنه‌كانیاندا به‌هۆی ئه‌و ڕووناكییه‌ی له‌ شاشه‌ی ئامێره‌ ئه‌لكترۆنیه‌كانه‌وه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌.