گرنگی دارستان بۆ ژینگه:    
(4/3/2015)



دارستان بەسییەكانی راستەقینەی زەوی دادەنرێت، هەناسەی پێدەدات، گرنگترین سەرچاوەی نۆێكردنەوەی سروشتیە، گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن وگازە زیانبەخشەكانی هەوا هەڵدەمژێت و ئۆكسجین بەرهەمدەهێنێت ودەبێتە بەربەست لەبەر تۆزوبا وكاریگەریەكانی كەمدەكاتەوە، جوانی بەسروشت دەبەخشێت.لەلایەنی ئابوریش سەرچاوەی كەرستەی بیناسازی وناوماڵە.بەڵام بەداخەوە لەوەتەی مرۆڤ هەیە زۆر بێبەزەییانەو هەست نەكردن بەبایەخەكانی رۆڵی تێكدەرانە دەگێڕێت بۆ لەناوبردنی دارستانەكان، بەسوتاندن و بڕین بۆ مەبەستی نیشتەجێكردن وكشتوكاڵ ورێگەوبان...هتد.
گرنگی دارستان بۆ تەندروستی مرۆڤ وژینگە:توێژینەوەكان دەریانخستوە كەپانتایی یەك كیلومەتری چوار گۆشە لەسەوزایی رۆژانە 10 تەن ئۆكسجین دەردەكات، كەواتە وا دابنێ كەئەم پانتاییانەی داروباری زۆربێت، دەبێت چ جۆرە هەوایەكی پاك وبێگەرد ببەخشێت ئەگەر یەك كیلۆمەتری چوارگۆشە(3650) تەن ئۆكسجین لەساڵێكدا ببەخشێت.
رۆڵی دارستان لەپاك كردنەوەی هەوا:دارستان بەرێژەیەكی فرەپاك دەكاتەوە، تۆز وخۆڵ ومادە هەڵواسراوە زیانبەخشەكانی ناوهەوا لەسەر گەڵای دارەكانی دەنیشێنێت، یەك هێكتار زەوی دارستان دەتوانێت نۆ تەن تۆزو خۆڵ بنیشێنێت وبەرێژەی(30-40)% ئەم گەرد ومادانە لەهەوای دارستان كەمبكاتەوە.هەروها رۆڵی گرنك دەگێڕێت لەپاككردنەوەی هەوا لەگازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن وچەندین گازی ژەهراوی دیكە كەزیان بەتەندروستی مرۆڤ وژینگە دەگەینێت.ئەمەی خوارەوە كەمێكە لەگرنگیەكانی دارو دەوەن
1.یەك هێكتار لەدارستان ساڵانە دەتوانێت(18 ملێون م3) هەوا لەتۆز وخۆڵ پاك بكاتەوە.
2.پشتێنەی سەوزایی دەوری شارەكان،پیسكەرە زیانبەخشەكان لەهەوای شارەگەورەكان وناوچە پیشەسازیەكان كەمدەكاتەوە.دەتوانێت بەرێژەی(40-80)% گەردیلەی تۆزوخۆڵ لەلای خۆی گلبداتەوە.
3.یەك هێكتار لەدارستان رۆژانە دەتوانێت(220-280) كگرام گازی Co2 لەهەوادا هەڵمژێت و(180-240) كگرام گازی O2 دەربكات.
4.دارستانەكان خێرایی باو كاریگەری تۆزو خۆڵ كەمدەكاتەوە، دەرئەنجام رێژەی پیسبوون بە(30-40)% كەمدەكاتەوە.
5.بەشداری دەكات لەكەمكردنەوەی خەستی گازی گۆگردی ژەهراوی لەهەوادا.
سوودەكانی دارستان:
1. ژینگە لەپیسبوون دەپارێزێت.
2. پانتایی سەوزایی فراوان دەكات وهاوسەنگی ژینگە فەراهەمدەكات.
3. پلەی گەرمی لەهاوین دادەبەزێنێت ورێژەی شێ بەرزدەكاتەوە.
4. زەوی لەداماڵین دەپارێزێت.
5. دەكرێتە بەربەست وپشتێنە بەدەوری شارو گوندو كێڵگەكان.
6. سێبەروسابات بۆ گەشتیار دابین دەكات بۆ پشودان وكات بەسەربردن.
7. سوودی ئابوریشی زۆرە لەبەروبوومەكانی.
8. سودی پزیشكی هەیە وەك بەرهەمهێنانی داودەرمان، كە لەرەگ وتۆو گەڵاوگوڵی دارودەوەن دەردەهێنرێت.
9. جوانی دڵڕفێن بەژینگە دەبەخشێت.
دارستان باخچەی سروشتیە:ئەگەر بمانەوێت دارستەكان زیاتر سەرنجڕاكێش بن وژمارەی زۆرتری گەشتیاران بەرەوخۆی رابكێشێت وبەراستی ببێتە شوێنی پشودان. پێوستی بەدروستكردنی چەند پڕۆژەیەكی دەستكرد دەبێت وەك بەنداو بۆ گلدانەوەی ئاو بەمەبەستی مەلەكردن وراوكردن، یاچەند گۆڕەپانێكی چیمەن وگوڵ وگوڵزار، تاوەكو مرۆڤ لەكاتی پشوو بەئارامی ودوور لەژاوەژاوی شارودەمارگیری و هەڵچون بەسەرببات. هەروەها بۆ ئەوانەی ئارەزوی راوكردنیان هەیە، بتوانێت بەپێی رێنمایەكانی دەزگەی ژینگە پیادەی ئارەزوەكانیان بكەن.
بەڵام كاتێك گڕ لەدارستان بەردەبێت، سەراپای دارودەوەن وبوونەوەرەكان دەسوتێنێت بەگوڵ وگوڵاڵەو بێچوی باڵندە وگیانلەبەرو هێلانەی باڵندەكانیشەوە كۆتایی بەژیان دێت.هۆیەكەی بۆ بێ خەمی وگوێ پێنەدانی مرۆڤی لاسارە كەبایەخی ئەم دەرامەتە نازانێت.چونكە لەوانەیە هەندێ كاری نامۆ بكات دەبێتە نانەوەی ئەم كارەساتە وەك:
1. فڕێدانی قنكە جگەرەو دنكە شقاڵتە.
2. ئاگركردنەوە لەژێر دارەكان یا لەنزیك پوش وپەڵاش.
3. ئاگر تێبەردانی زەمەندوپوش وگیای وشك بەمەبەستی پاككردنەوەی زەویە كشتوكاڵیەكانی نزیك دارستان. لەئەنجامدا لەوانەیە ئاگرەكە لەدەست دەربچێت وبەدەوری خۆی تەشەنە بكات وگشت دارستانەكە بگرێتەوە.
4.لاساری وگوێ پێنەدانی گەشتیارو راوكەران، بەتایبەتی لەوەرزە وشكەكان(هاوین وپایز) وەك تەقاندنی گوللەی تفەنگی راو بەدوای نێچیردا یاپاشماوەی ئاگركردنەوە لەناودارستان، كە لەكاتی جێهشتنی شوێنەكە ئاگرەكە تەواو نەكوژاوەتەوە. پاشان بەهۆی با ئاگرەكە گەش دەبێتەوەو گڕ لەدەوروبەری خۆی بەردەدات.
بۆپاراستن لەم مەترسیانە دەبێت رەچاوی ئەم رێنماییانە بكرێت:
1. پارچە زەویەك بەروبەری(2x2م) لەگژوگیای وشك پاك بكەوە.
2. ئاگردانێك بەسێ بەرد دروستبكە بۆ ئاگركردنەوەو خواردن ئامادەكردن.
3. بڕێك ئاو یاخۆڵ لەتەنیشت ئاگرەكە دابنێ بۆكاتی پێوست.
4. شوێنی گەشتیاری یاسەیرانگەكەت جێمەهێڵە تاوەكو بەتەواوی لەدامركانەوەی ئاگرەكە دڵنیانەبیت.
ئەگەر ببینیت دارستانەكە ئاگری گرتوە چی دەكەیت:
1. لقە دارێكی تەڕ ببڕەو لەئاگرەكەی بدە.
2. ئەگەر ئامێری ئاگركوژێنەوەت لابوو بەكاری بهێنە.
3. ئەگەر دەسەڵاتت بەسەر ئاگرەكەدا نەشكا، زوولایەنی پەیوەندیدار بەمۆبایلەكەت ئاگاداربكەوە.
4. هەوڵبدە نەشڵەژێی وبەژیرانە هەڵسوكەوت بكە.
كاروباری پێویست بۆ رێگرتن لەكەمكردنەوەی روبەری سەوزایی:
1.رێگە لەهەموو جۆرە رەفتارێك بگرە لەناودارستان وپانتاییە سەوزەكان، كەزیان بەدارستان دەگەیەنێت وەك(لەوەڕاندن، داربڕین، دامەزراندنی خێوەتگەو فڕێدانی پاشماوە...هتد).
2. دانانی چاودێری كشتوكاڵی شارەزا بۆ چاودێریكردنی روەكەكان وئەو دیاردانەی زیان بەدارودەوەنی دارستانەكە دەگەینێت وەك مێرولە وگیاندار ونەخۆشیەكان.
3. پاسەوانی توندوتۆڵی دارستان بكرێت، رێگە بەكەسانی تێكدەر نەدرێت زیان بەروەك وبوونەوەرەكانی ناوەوەی بگەیەنێت.
4. دامەزراندنی یەكەو بنكەی ئاگركوژاندنەوە لەنزیك دارستانەكان.
5. دووبارە ناشتنەوەی نەمام لەوشوێنانەی كەزیانیان پێگەیشتوە.
6. دوورخستەوەی پرۆژە پیشەسازییەكان كەدارستان توشی پیسبوون دەكات.
7. بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لەهۆیەكانی راگەیاندن دەربارەی پاراستن وسودەكانی دارستان بۆ مرۆڤ وژینگە.