ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ یادی كاتژمێری زه‌وی ساز كرد    
(29/3/2015)



هه‌موو ساڵێك له‌ كۆتا شه‌ممه‌ی مانگی ئادار ،بۆنه‌یه‌كی ژینگه‌یی هه‌یه‌ به‌ ناوی كاتژمێری زه‌وی. كاتژمێر 8 شه‌و ساز ده‌كرێت بۆ ماوه‌ی 60 خوله‌ك كاره‌با له‌ شوێنه‌ گشتیه‌كان ده‌كوژێته‌وه‌ و ئه‌م ساڵیش ده‌سته‌ی پاراستن وچاككردنی ژینگه‌ له‌ رێوره‌سمێكدا یادی كاتژمێری زه‌وی ساز كرد.
سه‌ره‌تا لوقمان شێروانی وته‌بێژی ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ ئاماژه‌ی به‌ هاتنه‌كایه‌وه‌ی ئه‌م بۆنه‌یه‌ی كرد ،هه‌موو ساڵێك له‌ كۆتا شه‌ممه‌ی مانگی ئادار ،بۆنه‌یه‌كی ژینگه‌یی هه‌یه‌ به‌ ناوی كاتژمێری زه‌وی. سه‌ره‌تای ده‌ست پێكردنی یادكردنه‌وه‌ی كاتژمێری زه‌وی، ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ساڵی ( 2007 ) له‌ شاری سیدنی پایته‌ختی ئوستورالیا له‌ جیاتی به‌كارهێنانی كاره‌با بۆ رووناك كردنه‌وه‌ مۆم به‌كارهات و زۆرێك له‌ شوێنه‌ گرنگه‌كان كاره‌بایان لێكوژایه‌وه‌ وه‌كو خانووی ئۆپرا و پردی هاربۆر .
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پاش سه‌ركه‌وتنی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ و به‌شداری كردنی( 2200 ) كه‌س له‌ دانیشتوانی سیدنی بۆ ساڵی داهاتوو (50 ) ملیۆن كه‌س له‌( 35 ) ده‌وڵه‌ت ) له‌ ( 400 ) شاری تر چوونه‌ پاڵ سیدنی یادی ئه‌م بۆنه‌یان كرده‌وه‌ .كاتژمێری زه‌وی بووه‌ به‌ یه‌كێك له‌ چالاكیه‌ جیهانیه‌كان كه‌ بۆ ماوه‌ی (60 ) خوله‌ك كاره‌با ده‌كوژێنرێته‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دیارده‌ی گۆرانكاری كه‌ش و هه‌وا كه‌ ئه‌مه‌ش مه‌به‌ست لێی به‌ هاوكاری هه‌موو لایه‌ك كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌كارهێنانی كاره‌با كه‌ هۆكاره‌ بۆ پیسبوونی ژینگه‌و گۆرانكاری كه‌ش و هه‌وا.
دواتر سه‌مه‌د محمد حسین سه‌رۆكی ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ له‌ وته‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ساڵ به‌ ساڵ یاد كردنه‌وه‌ی كاتژمێری زه‌وی له‌ جیهان زیاتر ده‌بێت وه‌كو گرنگیدان به‌ پاراستنی ژینگه‌ و رێگری كردن له‌ هۆكاره‌كانی پیسبوونی ژینگه‌". ئه‌وه‌شی خسته‌روو، پرسی ژینگه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ژیانی هه‌مومانه‌وه‌ ، ئه‌م بۆنه‌یه‌ به‌ گرنگده‌زانین بۆ گرنگیدان به‌ پاراستنی ژینگه‌،چونكه‌ ئێمه‌ هه‌موومان له‌ سه‌ر زه‌وی ده‌ژین له‌ سوود و زیانه‌كانی گه‌رمبوونی زه‌وی و پیسبوونی ژینگه‌ یه‌كسانین ،بۆیه‌ ئه‌ركی هه‌موانه‌ پرسی ژینگه‌ گرنگی پێ بده‌ین.
رێوره‌سمه‌كه‌ له‌ رۆژی شه‌ممه‌ 28/3/2015 له‌ پاركی شانه‌ده‌ر له‌ هه‌ولێر له‌كاتژمێر 8ی شه‌و ساز كرابوو، هه‌ریه‌كه‌ له‌ جێگری پارێزگاری هه‌ولێر (تاهیر عه‌بدولڵا) و عه‌باس موحه‌مه‌د سه‌رۆكی لێژنه‌ی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر و حسین حمه‌ كه‌ریم به‌رێوه‌به‌ری گشتی دارستان له‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو و هه‌ریه‌ك له‌ به‌رێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی كاروباری هونه‌ری و كارگێری و یاسایی و دارایی هۆشیاری و راگه‌یاندن و ژینگه‌ی هه‌ولێر و ژماره‌یه‌ك له‌ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ژینگه‌دۆستان ئاماده‌ی رێوه‌رسمه‌كه‌بوون.
پاشان عه‌باس موحه‌مه‌د سه‌رۆكی لێژنه‌ی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر وته‌یه‌كی پیشكه‌ش ئاماده‌بوون كرد و ئاماژه‌ به‌ گرنگی ژینگه‌ و رۆڵی هاوڵاتیان له‌ پاراستنی ژینگه‌ی كوردستانی به‌ گرنگزانی . ئه‌وه‌شی خسته‌رو، پلانیان هه‌یه‌ له‌ كاری لێژنه‌كه‌یان گرنگی به‌ پاراستنی ژینگه‌ و ته‌ندروستی هاوڵاتیان بده‌ن له‌ كاری داهاتوویان.
هه‌ر له‌ رێوره‌سمه‌كه‌ حوسین حه‌مه‌ كه‌ریم به‌رێوه‌به‌ری گشتی دارستان له‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد،ئاماژه‌ی به‌ گرنگی ژینگه‌ كرد و یاد كردنه‌وه‌ی بۆنه‌ ژینگه‌ییه‌كانی به‌گرنگزانی بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتیان پارێزگاری له‌ ژینگه‌ی كوردستان بكه‌ن.
هه‌ر له‌ رێوره‌سمه‌كه‌ مایكی ئازاد به‌ ئاماده‌بوان درا بۆ ئه‌وه‌ی په‌یام و هه‌ستی خۆیان پێشكه‌ش بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موولایه‌ك پابه‌ندی ژینگه‌پارێزی بن.
سه‌رۆكی رێكخراوی په‌ره‌پێدانی ژینگه‌ ئاماژه‌ به‌ رۆڵی ژنان و ئافره‌تان كرد له‌ پاراستنی ژینگه‌ به‌وه‌ی كه‌م به‌كارهێنانی ئاو و كاره‌با هۆكارێكی گرنگن بۆ پاراستنی ژینگه‌.
له‌كاتی به‌رێوه‌چوونی رێوره‌سمه‌كه‌ زۆربه‌ی گلۆپه‌كانی پاركی شانه‌ده‌ر كوژانه‌وه‌ وه‌كو په‌یامێك بۆ ده‌ستگرتن به‌ كه‌می به‌كارهێنانی كاره‌باوه‌. و به‌م شێوه‌یه‌ رێوره‌سمه‌كه‌ كۆتایی هات.