وڵاته‌ هه‌ژاره‌كان بوونه‌ته‌ گۆڕستانی پاشماوه‌ مه‌ترسیداره‌كان    
(10/3/2015)



ساڵانه‌ له‌دونیادا 338 ملیۆن تۆن پاشماوه‌ی مه‌ترسیدار فڕێده‌درێته‌ ژینگه‌وه‌و، زۆرێك له‌وڵاته‌ گه‌وره‌ پیشه‌سازییه‌كانیش ده‌رهاویشته‌ مه‌ترسیداره‌كانیان بۆ وڵاته‌ هه‌ژاره‌كان ده‌گوازنه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ وڵاته‌ هه‌ژاره‌كان به‌گۆڕستانی پاشماوه‌ مه‌ترسیداره‌كان ده‌درێنه‌ قه‌ڵه‌م. ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی، پاشماوه‌ به‌هه‌موو ئه‌و پاشه‌ڕۆیانه‌ داده‌نێت كه‌له‌ڕێگه‌ی چالاكیه‌ جۆراوجۆره‌كانی مرۆڤه‌وه‌ دروست ده‌بێ و به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆ زیان به‌ ژینگه‌و ته‌ندروستی گشتی ده‌گه‌یه‌نێت. پاشماوه‌ مه‌ترسیداره‌كان، بریتین له‌ مادده‌ كیمیایی تواوه‌و ڕه‌قه‌كان و كانزا قورسه‌كان و ترشه‌كان و پاشماوه‌ پزیشكییی و ناوكییه‌كان. بۆئه‌وه‌ی زیاتر ئاگاداری پاشماوه‌ مه‌ترسیداره‌كان بین پێویسته‌ ئه‌وه‌بزانیت كه‌ ساڵانه‌ له‌دونیادا 338 ملیۆن تۆن پاشماوه‌ی مه‌ترسیدار فڕێده‌درێته‌ ژینگه‌وه‌ له‌وانه‌: 275 ملیۆن تۆنیان ته‌نیا هی ئه‌مریكایه‌و سه‌نگافوره‌ش ساڵانه‌ 28 ملیۆن تۆن و مالیزیاش 417 هه‌زار تۆن و تایلاندیش 22 هه‌زار تۆنی هه‌یه‌. ڕووباری (زانسكار) له‌ هندستان، یه‌كێكه‌ له‌و شوێنانه‌ی له‌سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاكان، به‌هۆی پیسبونی به‌پاشماوه‌ی ژه‌هراوی سه‌رنجی وڵاتانی ئه‌وروپای و ئه‌مریكای بۆلای خۆی ڕاكێشاو مه‌ترسی ئه‌وه‌یان هه‌بوو پاشماوه‌كه‌ له‌ڕێگه‌ی سنووره‌كانه‌وه‌ بپه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وڵاتانی دیكه‌. له‌ئێستادا زۆرێك له‌وڵاتانی هه‌ژار یان جیهانی سێیه‌م، ئه‌و پاشماوه‌ مه‌ترسیدارانه‌ی ساڵانه‌ وڵاتانی گه‌وره‌ی پیشه‌سازیی به‌رهه‌می دێنن، له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستكه‌وتنی بڕێك داهات بۆ وڵاته‌كانیان ده‌گرنه‌خۆ ، به‌وهۆیه‌وه‌ش ئێستا ژماره‌یه‌ك له‌وڵاتانی جیهانی سێیه‌م بوونه‌ته‌ گۆڕستانی پاشماوه‌ مه‌ترسیداره‌كانی جیهان. به‌م هۆكاره‌ش، ژماره‌یه‌ك له‌ كۆمپانیاكانی وڵاتانی ئیتاڵیاو به‌ریتانیاو ئه‌ڵمانیا به‌و ڕووداوه‌ تێوه‌گلاون، كه‌ نزیكه‌ی 3 هه‌زار تۆن پاشماوه‌ی تیشكده‌رو هه‌ڵگری نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ له‌پاشماوه‌كانیان گواستۆته‌وه‌ بۆ نه‌یجیریا، ئه‌م زوڵمكردنه‌ له‌ژینگه‌و مافی ئه‌وانی دیكه‌ ته‌نیا مشتێكه‌ له‌خه‌رمانێك. ڕێكخراوی هاریكاریی و گه‌شه‌پێدانی ئه‌وروپا، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، له‌هه‌ر 5 ده‌قیقه‌یه‌كدا كاروانێكی مادده‌ی مه‌ترسیداره‌كان له‌وڵاته‌ پیشه‌سازییه‌ گه‌وره‌كانه‌وه‌ به‌ره‌و وڵاتانی هه‌ژار ده‌گوازرێنه‌وه‌، به‌م پێیه‌ش له‌سالێكدا ته‌نیا له‌وڵاتانی ئه‌وروپی 100 هه‌زار كاروانی گواستنه‌وه‌ی پاشماوه‌كان له‌ئه‌وروپاوه‌ بۆ وڵاتانی جیهانی سێیه‌م ده‌گوازرێته‌وه‌. به‌پێی ئاماری ڕێكخراوی هاریكاریی و گه‌شه‌پێدانی ئه‌وروپا، له‌ساڵی 1988 دا ژماره‌ی پاشماوه‌ مه‌ترسیداره‌كان، نزیكه‌ی 2 ملیۆن و 500 هه‌زار تۆن بوه‌و ئه‌مریكای باكوریش بڕی 230 هه‌زار تۆن بوه‌و له‌ساڵێكیشدا 9 هه‌زار پڕۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی تێدا به‌ڕێوه‌چووه‌. به‌ڵام ژماره‌ی ئه‌و مادده‌ مه‌ترسیدارانه‌ی كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌سمیی له‌ ئه‌وروپاوه‌ بۆ وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ئه‌وروپا گوازراوه‌ته‌وه‌، 300 هه‌زار كاروان بوه‌و وڵاتانی ئه‌وروپاش ساڵانه‌ نزیكه‌ی 120 هه‌زار تۆن پاشماوه‌ی مه‌ترسیدار یان ڕه‌وانه‌ی وڵاته‌ هه‌ژاره‌كان كردوه‌. ساڵی 1989 به‌مه‌به‌ستی كۆنتڕۆڵكردن‌و به‌یاساكردنی گواستنه‌وه‌ی پاشماوه‌ مه‌ترسیداره‌كانی، وه‌ك پاشماوه‌ ناوكیی و تیشكده‌ره‌كان كه‌هه‌ڕشه‌بوون له‌سه‌ر پیسبوونی ژینگه‌ به‌تایبه‌ت وڵاتانی جیهانی سێیه‌م په‌یماننامه‌ی (بازل )واژۆكرا، دوای په‌سه‌ندكردنی په‌یماننامه‌كه‌ هه‌رجۆره‌ گواستنه‌وه‌یه‌كی پاشماوه‌ی مه‌ترسیدار به‌ده‌ر له‌ڕێنماییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان وه‌ك تاوانێكی نێوده‌وڵه‌تی ده‌درێته‌ قه‌ڵه‌م . - See more at: http://knnc.net/Drejey-hawal.aspx?id=42308&LinkID=9&video=False#sthash.aJHEWsKs.52FG87wI.dpuf