لە پیسبوونی منداڵەكانتان مەترسن    
(9/7/2013)



پسپۆرانی نەخۆشییەكانی منداڵ و هەستەوەری دووپاتی دەكەنەوە كە بەركەوتنی منداڵ بە هەندێك پیسی لە تەمەنی گچكەییدا دەبێتە هۆی پەیدابوونی بەرگری لە لەشیدا بەرامبەر زۆر جۆری هەستەوەری. پسپۆرانی تەندروستی منداڵ لە چیكیا دووپاتی دەكەنەوە چەندە ژمارەی مادە جۆراوجۆرەكان كە منداڵ بەكاریان دەهێنێت و یارییان پێدەكات، لە تەمەنی ساڵی یەكەمدا زۆر بێت ، ئەوەندە هەڕەشەی ئەگەرەكانی دەركەوتنی نەخۆشی هەستەوەری لەلایان كەم دەبێتەوە و ئاماژەیان بەوەدا كە ئەو كارە بایەخی زۆری بۆ بەرگەگرتنی منداڵ هەیە، لەبەرئەوەی لە تەمەنی یەك ساڵیدا دەبێتە رێگر و بەگری تا هەتایی و لەش رادەهێنێت چۆن مامەڵە لەگەڵ تەنە نەناسراوەكاندا بكات كە دێنە ناویەوە. مەیتن كۆپۆڤ پزیشكی چیكیی پسپۆر لە نەخۆشییەكانی هەرس، دەڵێ: هیچ كەسێك نییە هەستەوەریی بەرامبەر مادەیەكی دیاریكراو نەبێت. ئێستا خەڵك زۆر خۆیان دەپارێزن و زۆر بایەخ بە پاكوخاوێنی دەدەن و ئەمە وادەكات منداڵەكانیان تووشی مادەی سەیر و نەناسراو نەبن و لەشیان مامەڵەی لەگەڵدا نەكات. لە تەمەنی یەك ساڵیدا رووپۆشی ناوەوەی كۆئەندامی هەرسی منداڵ دروست دەبێت كە لە جیاكردنەوەی مادەی خراپ و ژەهراوی لە مادەی باش بەرپرسە و لەبەرئەوە پێویستە منداڵ زۆرترین بەركەوتنی لەگەڵ مادەی جۆراوجۆردا هەبێت تا لەشی وەڵامی بداتەوە و بەرگری بەرامبەر پەیدا بكات و بیناسێت و لەوانەیە لە ناو خۆیدا بەرگرییەكی تایبەت بەرامبەر هەندێكیان دروست بكات. هەروەها دەڵێ: پێویستە خۆراكی منداڵ هەموو شتێكی تێدا بێت تا لەشی لەگەڵ هەموویاندا رابێت، تەنیا ئەو كاتە دەبێ ئاگاداری خۆراكی منداڵ بین كە نەخۆشە و لەوانەیە ئەوە هەندێك هەستەوەری دروست بكات، بەڵام سوودی بۆ ئایندەی منداڵەكە زۆرترە.