سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێم: مەترسیدارترین شت بۆ سەر پیسبوونی ژینگەی كوردستان زۆری ئۆتۆمبێـڵە    
(23/6/2011)



رایدەگەیەنێت، كە مەترسیدارترین شت بۆ سەر ژینگەی كوردستان رێژەی زۆری ئۆتۆمبێلە، هەروەها یاسای دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمیش بەپڕكەموكوڕی وەسف دەكات، چونكە بەگوتەی ئەو بەپێی یاسا جیاوازی لەنێوان دەستەكاندا كراون و هەموو بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگاكانی دەستەكەش كرێچی خەڵكن.
لەدیدارێكدا لەگەڵ (سڤیل) د.رێزان مەلا حەسەن، سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێم ئاماژەی بەبارودۆخی ژینگەی كوردستان كردو رایگەیاند "دەتوانین بڵێین ژینگەی كوردستان زۆر خراپە، بەڵام ناتوانین بڵێین بەو جۆرە ترسناكە كە هاوشێوەی وڵاتێكی وەكو یابان پێشتر بەهۆی چەكی نەوەویەوە ژینگەی تێكچووە، بەڵام ئەوەی من بەترسناكی دەزانم كە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژینگەی كوردستان هەبێت، ئەویش بوونی ئەو رێژە زۆرەی ئۆتۆمبێلە، رەنگە ئەو ئۆتۆمبێلانەش مۆدێل بەرزیش بن، بەڵام ئایا لەڕووی كوالێتەوە ژینگەپارێزن؟".
رێزان مەلا حەسەن كە هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە لەبواری یاسای تایبەتدا، كە ئێستا وەك سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاكردنی ژینگەی هەرێم دەستبەكارە، بڕوای وایە كە دەبێت بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ژینگەی كوردستان بكرێت، "چونكە لەئێستادا وەبەرهێنانێكی زۆر دەكرێت، هەروەها سەرەتای بوژاندنەوەشە لەزۆر بوارەوە، كارگەیەكی زۆر دێتە كوردستان و كاری خۆیان دەكەن"، وەك رێزان مەلا حەسەن گوتی "بێگومان ئەگەر لایەنە ژینگەییەكەی ئەو كارگانە بەهەند وەرنەگرین، ئەوا لەداهاتوودا توشی كێشەیەكی گەورەمان دەكات، بۆیە پێویستمان بەهاوكاری و هەماهەنگی گشتییە، چونگە ژینگە پەیوەندی بەگشت دامودەزگا و تاك بەتاكی كۆمەڵگا و هەموو لایەنەكانی ترەوە هەیە".
چاودێران و شارەزایانی بواری ژینگە لەسەر ئەوە كۆكن كە حكومەتی هەرێم وەك پێویست گرنگی بە ژینگە نەداوە، تەنانەت بە كەمتەرخەم لەقەڵەم دەدرێت، لەو بارەوە د. رێزان مەلا حەسەن دەڵێ "من زیاتر ئەو ئاوڕلێنەدانەوەیە یان كەمتەرخەمیەی حكومەت، بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە كە لەساڵانی رابردوودا هەوڵی یەكەمی دابینكردنی خۆشگوزەرانی بووە، لەپێناو ئەوەشدا یاسای وەبەرهێنان دەرچووە، بۆیە زیاتر بایەخ بەژینگە نەدراوە". گوتیشی "پێشموایە لەهەموو ئەو وڵاتانەی بەتازە ژێرخانی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانیدا تێدەپەڕن، بایەخ بەژینگە نادرێت، لێرەشدا حكومەتی هەرێم مەمنوونی كۆمپانیاكانی وەبەرهێنان بووە بۆ ئەوەی بێنە كوردستان كاری وەبەرهێنان ئەنجام بدەن، بەو هۆیەشەوە ژینگە بایەخی زۆر پێنەدراوە".
لەكابینەی پێنجدا وەزارەتی ژینگە هەبوو، بەڵام دواتر ئەو وەزارەتە لەكابینەی شەشدا بەبڕیارێكی حكومەتی هەرێم گۆڕدرا بۆ دەستەی ژینگە و یاسای ژمارە (8)ی تایبەت بەو دەستەیەش لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەركرا. كاری ئەم دەستەیە لەئێستادا وەك د.رێزان مەلا حەسەن ئاماژەی بۆ دەكات ئەو هەیكەلەی كە ئێستا هەیە بەو ئالیەتەش كە هەیە تەنیا "لەئالیەتی ئیشكردن گرفتمان بۆ دروست دەكات، چونكە وەزارەتی ژینگە خۆی كاتێك كە هەبوو لەدەوری تەكویندا بووە، هاوشێوەی وەزارەتەكانی تر توراسێكی تایبەت بەخۆی وەرنەگرتبوو، بۆیە پێموایە بە چوار ساڵ شتێكی واناكرێ و دواتر كە كردوشیانە بە دەستە ئەو دەستەیەش زیاتر لەساڵێك دوای دامەزراندنی سەرپەرشتی نەبووە".
رێزان مەلا حەسەن گوتیشی ئەو یاسایەی كە بۆ دەستەی ژینگە دانراوە كۆمەڵێك كەموكوڕی تێدایە "بەسەراحەتەن كەموكوڕیەكانیش ئەوەیە كە ئەو وەزارەتانەی كە كراون بەدەستە هەمان مامەڵە لەگەڵ وەزارەتی ژینگە نەكراوە، بۆنموونە وەزارەتی مافی مرۆڤ بەڕێوەبەری گشتی ماوە، هەروەها راوێژكاری وەك خۆی ماوەتەوە، ئەم جیاوازیەش لەنێوان ئەوان و وەزارەتی ژینگەدا كێشەی بۆ ئێمە دروستكردووە، چونكە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانەی لەیاسای ژمارە (8)ی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمدا هاتووە، پابەندبوونێكی دیكەیە و ئێمەش ئەركێكی گرنگتر و تازەمان دێتە پێش بۆیە رەنگە نەتوانین بەو ئالیەت و ستافەوە رووبەڕووی قەیرانی ژینگە ببینەوە".
دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان، بە گوتەی سەرۆكی ئەو دەستەیە لەئێستادا (437) فەرمانبەری هەیە لەگەڵ چوار بەڕێوەبەراتی لە (هەولێر، دهۆك، سلێمانی، گەرمیان)، هەروەها ئەو دەستەیە لەسەر بودجەی ساڵی (2011) بەهەموو موچەی فەرمانبەران و ئیمتیازەكانی تر نزیكەی (7) ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، وەك د.رێزان مەلا حەسەن خۆی ئاماژەی بۆكرد لەو بارەوە "كێشەی سەرەكی ئێمە نەبوونی بیناو شوێنی نیشتەجێبوونمانە، چونكە سەد لەسەدی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكانمان هەموویان كرێچی خەڵكن، لەئیستادا پارچە زەویەكمان بۆ تەرخانكراوە هەوڵ دەدەین لەبودجەی 2012 دا بیكەینە بینا