رێكخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگه‌یی مینی كۆنفرانسێكی ژینگه‌یی سازكرد    
(24/11/2013)



له‌ درێژه‌ی پرۆژه‌ی هۆشیاری رێنیشانده‌ری ژیانه‌، رێكخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگه‌یی مینی كۆنفرانسێكی ژینگه‌یی تایبه‌ت به‌ كێشه‌و گرفته‌ ژینگه‌ییه‌كان له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندندا سازكرد. دوابه‌دوای ئه‌نجامدانی ژماره‌یه‌ك چالاكی جۆراوجۆر له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن، رۆژی شه‌ممه‌ رێككه‌وتی 23/11/2013 له‌ هۆڵی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌ی رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان و به‌ ئاماده‌بوونی به‌رێز سه‌مه‌د محه‌مه‌د سه‌رۆكی ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مامۆستاو چالاكوانانی بواری ژینگه‌پارێزی، رێكخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگه‌یی مینی كۆنفرانسێكی ژینگه‌یی سازكرد. له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ به‌رێز سه‌مه‌د محه‌مه‌د سه‌رۆكی ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ له‌ وتارێكدا، كه‌ به‌وبۆنه‌یه‌وه‌ پێشكه‌شی كرد، وێرای ئه‌وه‌ی ده‌ستخۆشییه‌كی گه‌رمی له‌ رێكخراوی ناوبراو كرد بۆ سازكردنی ئه‌م مینی كۆنفرانسه‌و ئه‌نجامدانی چالاكییه‌ جۆراوجۆره‌كانیان، ئاماده‌یی هه‌موو پاڵپشتییه‌كیشی له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی ژینگه‌وه‌ بۆ ده‌ربڕین. هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند: قوتابیان، كه‌ نه‌وه‌ی دوارۆژی ئه‌م گه‌له‌ن، بۆیه‌ پێویست ده‌كات له‌ هه‌موو رووێكه‌وه‌ گرنگی ته‌واویان پێبدرێت. له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆكی ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ وتیشی: ئێمه‌ وه‌ك ده‌سته‌ی ژینگه‌ پرۆژه‌یه‌كی گرنگمان له‌به‌رده‌ستدایه‌، كه‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ جێبه‌جێی ده‌كه‌ین. هه‌ر له‌میانی ئه‌و مینی كۆنفرانسه‌دا، كه‌ بۆماوه‌ی یه‌ك رۆژ به‌رده‌وام بوو، دوو ته‌وه‌ر خرانه‌روو له‌سه‌ر پرسی ژینگه‌ و په‌روه‌رده‌ له‌لایه‌ن (پ. د. عومه‌ر په‌تی و مامۆستا عه‌بدولڕه‌حمان سدیق). دواتریش گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ كرا، تاوه‌كو بتوانرێت چه‌ندین پێشنیارو راسپارده‌ی لێبه‌رهه‌م بێت و ئاراسته‌ی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بكرێت.