بەڕێوەبەری گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی کوردستان تا ئێستا رێژەی باران بارین لە چاو ساڵی پار زیاتر باریوە    
(14/12/2011)



راپۆرت: راگەیاندنی دەستەی پاراستن و چاککردنەوەی ژینگە بۆ تیشک خستنەسەر رەوشی کەشوهەوای هەرێمی کوردستان و ئەو گۆڕانکارییە کەشوهەوایەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتووە، هەروەها خستنەڕووی ئەو جیاوازی و پێشهاتە ژینگەییانەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتووە و لەگەڵ ئەوەی تا چەند پشت بە ئامارو پێشبینییەکانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە دەبەسترێت. ئەم پرسیارانە و چەندین پرسیاری تر لەم راپۆرتەدا ئاراستەی بەڕێز حەسەن وەهاب بەڕێوەبەری گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەتایبەتی رواندنەوەی ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەی لای هاووڵاتیان بەگشتی و جووتیاران بەتایبەتی لە ئەگەر روودانی وشکەساڵی لە هەرێمی کوردستان. پ/ ئایا ئەمساڵ پەڵە کەوتووە وەک ئەوەی لەناو جووتیاران باوە؟ - حەسەن وەهاب: لە ڕاستیدا بابەتی پەڵە کە برا جووتیارەکان ئەو دەستەواژەیە بەکاردەهێنن لە ڕووی زانستییەوە دەستەواژەیەکی هەڵەیە و لە ڕووی زانستییەوە وشەیەک نییە بەناوی پەڵە!!. چونکە لای برا جووتیارەکان وا باوە ئەگەر بێتو 50سم باران بچێتە قوڵایی زەوی یان تاکو بەژنی قەبڕێک باران ببارێت دەڵێن پەڵەی داوە، ئەگەر لەمە کەمتر بێت ئەوە دەڵێن پەڵەی نەداوە، ئەمە هەڵەیە. چونکە ئێمە تێکڕاو ڕێژەی باران بارینمان هەیە، مانگانە رێژەکە دیاری دەکرێت دواتر ساڵانە تێکڕای ئەو ڕێژەیە دیاری دەکرێت. بۆ نموونە لە هەولێر لە سنووری 380 تا 400 ملم لە زستاندا باران ببارێت ئەوە رێژەی باران بارینەکە باشە و لە رێژەی خۆیەتی، لە سلێمانی لە سنووری 600 – 650ملم لە زستاندا باران ببارێت ئەوە ئەو رێژەیە باشە و ڕێژەی خۆیەتی، لە دهۆک لە سنووری 500 – 550ملم ئەوە رێژەی باران بارینەکە باشە و رێژەی خۆیەتی. پ/ لەم رێژەیە جووتیاران دەتوانن بەرووبوومەکانی خۆیان بچێنن؟ _ ئێمە ناڵێین برا جووتیارەکان دەتوانن بەرووبوومی خۆیان بچێنن، خۆی لەسەرەتاوە ئایا برای جووتیار نیازی ئەوەی هەیە کەوا جووت بکات یان نا؟ چونکە لەسەرەتاوە ئەگەر برا جووتیارەکان بینیان کە باران نابارێت دەستەبەر دەبن و ساردەبنەوە لە چاندنی بەرووبوومەکانیان. لەبەر ئەوە دەبێ چاوەڕێ بکرێت چونکە لە وەرزی پایز و زستان رێژەیەکی باش باران دەبارێت، ئەگەر نەباری دەبێ چاوەڕێ بکەین تاوەکو کۆتایی مانگی یەک، ئەو کات ئەگەر لە کۆتایی مانگی یەک پەڵەی دا ئەوکات دەتوانن بەبێ دوودڵی بەرووبوومەکانیان بچێنن؟. پ/ لەڕووی زانستییەوە هیچ ژمارەیەک یان رێژەیەک هەیە کە جووتیاران تا کاتێکی دیاری کراو باران نەبارێت نەتوانن بەرووبوومەکانیان بچێنن؟. _ لە ڕاستیدا بەرای من و شارەزایانی بوار کشتوکاڵیش، تا مانگی 2 باران نەبارێت ئەو کات ئەگەری وشکەساڵی هەیە. بەڵام تا ئێستا ئەم ئەگەر نییە. پ/ ماوەیەکە شەپۆڵێکی سەرماو سۆڵە هەرێمی گرتۆتەوە، ئەم شەپۆڵە ئاراستەکە چ شوێنێکە و کاریگەرییەکانی چییە؟ _ ئێمە پێش دوو ڕۆژ لەم شەپۆڵە پێشبینییەکانمان لە کەناڵەکانی راگەیاندن بڵاوکردەوە کەوا رۆژانی داهاتوو شەپۆڵێکی باران بارین ڕوو لە هەرێم دەکات. خۆشبەختانە راست دەرچوو و رێژەیەکی باشیش باران باری، کە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە لەگەڵ ئەوەش رێژەیەکی زۆریش بەفرباری، بەڕاستی جێی دڵخۆشکەربوو بۆ ئێمە و برا جووتیارەکان ئینشاڵا جارێکی تر بارانێکی وا ببارێت ئەوا بەبێ دوودڵی برا جووتیارەکان دەتوانن تۆ بکەن. پ/ تێکڕای باران بارین لەگەڵ ساڵانی رابردوو چەند؟ _ ئەگەر بەراورد لەگەڵ پارساڵ بکەین، ئەمساڵ زۆر زیاتر لە پار باران باریوە، ساڵی رابردوو دواکەوت و رێژەکەش کەمتر بوو، بەڵام ئەمساڵ ئینشاڵا زیاتر دەبارێ، چونکە تا ئێستا لە پارێزگای هەولێر 23.3ملم باران باریوە، لە قوشتەپە 10.5ملم باران باریوە، لە خەبات 18.5 باران باریوە، لە شەقلاوە 52.5ملم باران باریوە، لە سۆران 69.6 ملم باران باریوە، لە چۆمان 86.1 باران باریوە، لە سلێمانی 75.7 ملم باران باریوە، لە هەڵەبجە 98.5ملم باران باریوە، لە پێنجووین 144.2ملم باران باریوە، لە دهۆک 36.8ملم باران باریوە، لە زاخۆ 82.2 ملم باران باریوە.. ئەم رێژانە رێژەیەکی زۆرباش و دڵخۆشکەرە، سەرەتاییەکی باشە. پ/ پێشبینیتان بۆ رۆژانی داهاتوو چییە؟ _ ئێمە بەشێکمان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزە هەیە بەناوی (بەشی پێشبینی). لە پارێزگاکانیش بەڕێوەبەرایەتیمان هەیە، بەڵام بەشی پێشبینیمان نییە، هەرچەندە پێشبینی خۆیان دەدەن بەڵام خۆیان لێی بەرپرسن، چونکە لە ئینتەرنێت وەردەگرن. ئێمەش جاروبار پشت بە ئینتەرنێت و راپۆرتی بەغدا دەبەستین. جا ئەم بەشە (بەشی پێشبینی) بۆ ماوەی 38کاتژمێر پێشبینی دەدەن، هەندێ جار لە رۆژانی پشوو بۆ ماوەی 72کاتژمێر یان زیاتر دەدەین، لەبەر ئەوە بەبەردەوامی چاودێری ئەو نزمە پاڵەپەستۆیانە دەکەین کە بارستە هەوای سارد و شێدار و فێنکی لەگەڵ دابێت، ئەوە ئەگەری ئەوەی هەیە بارانی لەگەڵ بێ. لەبەر ئەوە پێشبینییەکان زوو بڵاوناکرێتەوە. بۆ نموونە لە ئێستاوە دەتوانم بڵێم رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی 15/12/2011 نمەباران دێت، بەڵام بە رەسمی ناتوانم بڵاوکەمەوە، چونکە توخمەکانی هەوا بەردەوام لە گۆڕانکاری دایە و لەوانەیە پێشبینییەکان راست دەرنەچن. پ/ هیچ پێگەیەکی رسمیتان هەیە لە ئینتەرنێت، بۆ ئەوەی خەڵک سەردانی بکات بۆ زانینی رەوشی کەشوهەوای هەرێمی کوردستان؟ _ئێمە رۆژانە راپۆرتێک ئامادە دەکەین، ئاراستەی هەندێ لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین ئەوانەی خۆیان داوایان کردووە لەگەڵ هەندێ لە دامودەزگاکانی حکوومەت وەک ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی کشتوکاڵ، گواستنەوە و گەیاندن...هتد. لەم راپۆرتەدا پێشبینییەکان، پلەی گەرم و رادەی شێ..تد هەمووی ئەمانەی تێدایە. هەروەها پێگەکەمان بەم ناونیشانەیە: www. Kurdistan-weather.com. بەڵام ئێمە بۆ ساڵی ئایندە 2012 لە بەرنامەمان دایە بە سیستەمێکی نوێ ئیش بکەین کەوا لە فەرەنسا بۆمان دێت کەوا سیستەمێکی پێشکەوتووی پێشبینکاری جیهانیە، بە سیستەمی کۆمپیوتەر کاردەکات، هەموو وڵاتە پێشکەوتووەکان بۆ زانینی رەوشی کەشوهەوا و پێشبینی باران بارین پشت بەم سیستەمە دەبەستن. پ/ تا چەند حکوومەت بایەخی بە کەشناسی داوە؟ - حکوومەت تا رادەیەکی باش گرنگی بە رەوشی کەشوهەوای داوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێ زیاتر گرنگی پێبدات، چونکە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی کوردستان لە کابینەی پێنجەمەوە دامەزراوە و سەرەتا 6 وێستگە کەشناسی لە هەرێمی کوردستان هەبوو، ئێستا بووە بە 20 دەزگا و وێستگەی کەشناسی. پ/ بەو ئامێرانەی ئێستا تا چەند دەتوانن پشتی پێ ببەستن، هەرچەندە رەوشی کەشناسی ئێستا لە قۆناغێکی باشەدایە؟ بەو ئامێرانە دەتوانین بەڵام کۆنن، بۆیە پێویستیمان بە کەسانی شارەزا هەیە، دەمانەوێ کارمەندەکانمان بەتایبەتی ئەوانەی دەرچووی کۆلێژن رەوانەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بکەین، بۆ ماوەی چەند مانگێک بۆ فێربوونی خولی جۆراوجۆر تایبەت بە کەشناسی، هەروەها هێنانی ئامێری نوێ و پێشکەوتوو بەتایبەتی رادار و هەماهەنگی کردن لەگەڵ مانگە دەستکردەکانی تایبەت بە چاودێری کردنی رەوشی کەشوهەوا، بۆ ئەوەی بە سیستەمێکی تازە کار بکەین. پ/ پێشبینیت بۆ ئەمساڵ وشکەساڵی روودەدات؟ وەک پێشبینی ناتوانم بڵێم وشکەساڵی روودەدات یان نا؟، چونکە رێژەی ئەمساڵ لەگەڵ سێ ساڵ و 5ساڵی رابردوو بەراورد دەکەین ئەگەر لە 65% زیاتر بوو ئەوە باشە و مەترسی وشکەساڵی نییە، بەڵام ئەگەر لە 65% کەمتر بوو ئەوە ئەو ساڵە بە وشکەساڵی دادەنرێت. هەروەها تا مانگی شوبات نەبارێت ئەگەر هەیە وشکەساڵی رووبدات، ئەمەش پێوەرێکی جیهانییە. -