كونسوڵی ئێران لەهەولێر سەردانی دەستەی پاراستن‌و چاككردنی ژینگەی كرد    
(19/9/2016)



كونسوڵی ئێران لەهەولێر سەردانی دەستەی پاراستن‌و چاككردنی ژینگەی كرد
وەزیرو ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی دەستەی پاراستن‌و چاككردنی ژینگە، ئەمڕۆ 19/9/2016 لەشاری هەولێر پێشوازیان لە كونسوڵی ئێران كرد. كە بەمەبەستی كاری هاوبەشی ژینگەیی لەنێوان هەردولا سەردانەكەیان ئەنجامدا.
شاندی میوان وێڕای پیرۆزكردنی جەژنی قوربان، خۆشحاڵی خۆیان بەسەردانەكە دەربڕی‌و هاوكات وەزیری هەرێم بۆ دەستەی پاراستن‌و چاككردنی ژینگە وێڕای بەخێرهاتن‌و پیرۆزبایی كردنی جەژن لە شاندی میوان خۆشحاڵی خۆی بەم سەردانە دەربڕی.
لە كۆبوونەوەكە چەندین پرسی گرنگی پەیوەست بە ژینگە تاووتوێیان كرد . وەكو كاری هەماهەنگی‌و هاوبەشی هەردوولا جەختی لێكرایەوە، بەتایبەت لەپرسی ئاوو خۆڵا‌و خاشاك‌و ئەزمونی وڵاتی ئێران لەبواری ژینگە، كاركردن لەسەر بۆردی زانستی ژینگە لەنێوان زانكۆكانی هەرێم‌و ئێران، ئاگاداربوون لە پاراستنی دارستانەكان. سود وەرگرتنی هەرێمی كوردستان لە یاسا ژینگەیەكانی ئێران، هاوكات قسە لەسەر پاشماوەی مینەكانی سەردەمی جەنگی نێوان ئێران‌و عێراق كرا لەسەر ژینگەی كوردستان.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا لیژنەیەك دروست بكرێت لەنێوان هەردوولا، بۆ نوسینی ئەم هاوكاریانەی هەرێمی كوردستان پێویستی پێیەتی لەبواری ژینگە‌و جێبەجێكردنی لەلایەن كونسوڵیەتی ئێران.
وەزیری هەرێم بۆ دەستەی پاراستن‌و چاككردنی ژینگە، قسەی لەسەر زیانە ژینگەیەكانی سەر سنوری نێوان هەر دوولا كرد، كە بەهۆی تۆپبارانی سنورەكانی هەرێم‌و ئێران دروست بووە، جەخت لەچارەسەركردنی ئەم پرسە كرایەوە.
شاندی كونسوڵی ئێران پێكهاتبوون لە مورتەزا عەبادی سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەولێر، سیامك برهانی دبلۆماسی گشتی، فەیروز زارەئی لە بەشی ئابوری‌و پەیوەندیەكان.
شیاوی وتنە ماوەی كۆبوونەوەكە نزیكەی دوو كاتژمێری خایاند.