له‌به‌ر شه‌کره‌ منداڵه‌که‌ت له‌ ته‌له‌فزیۆن دووربخه‌ره‌وه‌    
(9/6/2013)



به‌پێی نوێترین لێکۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌ سود و زیانه‌کانی ته‌ماشاکردنی ته‌له‌فزیۆن له‌لایه‌ن منداڵانه‌وه‌، ده‌رکه‌وتووه‌ که پێویسته‌‌ ته‌ماشاکردنی ته‌له‌فزیۆن له‌لایه‌ن منداڵانی خوار ته‌مه‌ن 5 ساڵه‌وه زۆر به‌ هه‌ستیاری مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکرێت، چونکه‌ په‌یوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆ له‌نێوان نه‌خۆشیی شه‌کره‌ و ته‌ماشاکردنی ته‌له‌فزیۆن له‌لایه‌ن منداڵانی ئه‌و ته‌مه‌نه‌وه‌‌ هه‌یه‌. لێکۆڵینه‌وه‌که‌ له‌ زانکۆی گۆسنبرگ-ی وڵاتی سوید دا ئه‌نجامدراوه‌ و زیاد له‌ هه‌زار و 7 سه‌د منداڵی نێوان ته‌مه‌ن 2-5 ساڵ به‌شدارییان تیایداکردووه‌. ستینا ئۆلافشدۆتر، سه‌رپه‌رشتیاری لێکۆڵینه‌وه‌که‌ ڕایگه‌یاند : ئه‌و منداڵانه‌ی که‌ بۆ ماوه‌ی کاتژمێرێک له‌به‌ر ته‌له‌فزیۆندا ده‌مێننه‌وه‌ و ته‌ماشای به‌رنامه‌ و زنجیره‌ کارتۆنییه‌کانی تایبه‌ت به‌ خۆیان ده‌که‌ن، هه‌ستی خواردنه‌ شیرینه‌کانییان به‌ ڕێژه‌ی %50 له‌لا زیاد ده‌بێت. ئه‌گه‌ر کاته‌که‌ زیادتر بخایه‌نێت و بگاته‌‌ دوو کاتژمێری دیکه، ئه‌وا ئه‌و رێژه‌یه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌ بۆ %(80-95) و له‌ئه‌نجامدا ڕێژه‌یه‌کی زۆر له‌ شیرینیی زیان به‌خش‌ له‌لایه‌ن ئه‌و منداڵانه‌وه‌ ده‌خورێت و ده‌خورێته‌وه‌. ڕێژه‌ی %50 ڕێژه‌یه‌کی که‌م نییه‌ و له‌دوای کاتژمێرێک به‌رزبونه‌وه‌یه‌کی به‌رچاو به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت و وا له‌ منداڵ ده‌کات که‌ مه‌یلی به‌لای خواردنه‌وه‌ شیرینه‌کانی وه‌ک ساردی، شه‌ربه‌ت، نوقڵ و چه‌ندان شیرینیی زیانبه‌خشی دیکه‌دا بچێت که‌ له‌ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا به‌ ده‌ستخستنیان زۆر ئاسانه‌.