پیسبوونی ژینگە مێروو لەگوڵ دەتۆرێنێت    
(3/2/2015)



پەپوولەی تووتن مێروویەكی هەستیارەو تەواوی ژیانی پشت بەهەستی بۆنكردنی دەبەستێت و ئەوەشی ئەو ژیانەی لێ تێكدەدات پیسبوونی ژینگەیە.
هەستی پەپوولەكان
زاناكان دەڵێن: ئەو جۆرە پەپوولەیە هەستی بۆنكردنی لە»هەستی بۆنكردنی سەگی پۆلیسی مەشقپێكراو و لەخودی مرۆڤیش زیاترە» ئەم مێرووە لەتوانایدایە لەشەوێكدا مەودای (130) كیلۆمەتر ببڕێت، بۆئەوەی بەدوای گوڵی پەسەندی خوێدا بگەڕێت.
ئەو گوڵە پەسەندەی ئەو مێرووە بچكۆلەیەش شەیدایەتی، گوڵێكی هێلكەیی سپییە، كە شیلەكەی سەرچاوەی سەرەكی خۆراكە بۆی، گوڵەكەش تەنها بەشەو دەمی دەكاتەوەو ئامادە دەبێت بۆ پیتاندن، مێیەكانی پەپوولەی تووتن، جگە لەمژینی شیلەکەی، گەراکانیشیان هەر لەناو ئەو گوڵانەدا دادەنێن، چونکە دوای ئەوەی گەراكان دەتروكێن، گەڵای گوڵەکە دەبێتە باشترین خۆراکی بێچووەکانیان.
دۆزینەوەی گوڵە پەسەندەكان
زاناكان تووشی سەرسوڕمان بوون، لەوەی چۆن ئەو مێرووانە دەتوانن ئەو گوڵانە لەناو چەندین جۆر گوڵی تردا بدۆزنەوە، پرسیاری ئەوەشیان لەلا دروست بوو، داخۆ هیچ بۆنێكی دیكە، دەستكرد بێت یان سروشتی سەریان لێ تێكنادات بۆ دۆزینەوەی بۆنی گوڵی مەبەستی خۆیان؟
بۆ ئەمەش توێژینەوەیەكیان كردو تێیدا كۆمەڵێك لەو مێرووانەیان كردە ناو شوێنێكی تایبەت و چەند بۆنێكی خۆشی گوڵ و بۆنی ئەگزۆزی (ئۆتۆمبیل و لۆری)یان بۆ كردنە ئەو شوێنەوە، پاشان بۆیان دەركەوت، ئەو بۆنانەی كە بەهۆی سەرچاوە مرۆڤ كردەكانەوە دروست دەبێت، كار لەهەستی بۆنكردنی ئەو مێرووانە دەكات و ناتوانن بەئاسانی گوڵەكان بدۆزنەوە.
پیسبوونی ژینگەو رەفتاری مێرووەكان
جێڤری ریفیل، مامۆستای بایۆلۆجی لەزانكۆی واشنتۆن دەڵێت: مێرووەكانی پیتاندن، لەوانەش هەنگ و پەپوولەو پەپوولەی تووتن، هەستێكی بۆنكردنی بێوێنەیان هەیە بۆ دۆزینەوەی گوڵ لەمەودایەكی دوورەوە، بەڵام بۆنی پیسكەرەكانی ژینگەو بەتایبەتیش ئەوەی لەئەگزۆرزی ئۆتۆمبێلەكانەوە دەردەچێت، رەفتاری ئەو مێرووانە دەشێوێنێت، ئەو وتیشی: پەپوولەی تووتن كە مەودای دوورو درێژ دەبڕێت بۆ دۆزینەوەی ئەو گوڵەی كە حەزی لێیەتی، لەكاتی توێژینەوەكەدا، نەك نەیتوانی بەباشی بۆنی گوڵەكە بناسێتەوە، بەڵكو هەستی بەبوونی گوڵەكەش نەدەكرد.
لێكۆڵینەوەی زیاتر
ئەو پسپۆڕە وتیشی: پێویستمان بەلێكۆڵینەوەی وردترو زیاتر هەیە، بۆئەوەی بزانین ئایا بە تەنها هەر پیسكردنی ژینگەیە وا لەمێرووەكان دەكات، نەتوانن كاری بنەڕەتی خۆیان بكەن یان هەندێك رووەكیش دەتوانن رێگر بن لەكاری ئەو مێرووانە؟ ئاشكراشی كرد، كە «بەتایبەت ئەو تاقیكردنەوەیە بۆ هەنگەكان دەكەن، كە لەڕووی كشتوكاڵیی و پیشەسازییەوە رۆڵی گرنگیان بۆ جووتیاران و بازرگانانی هەنگوین هەیە».
پەپوولەی تووتن
پەپوولەی تووتن؛ مێروویەكی شەوانەیە قەبارەیەكی گەورەی هەیەو مەودای نێوان باڵەكانی دەگاتە دە سانتیمەترو لەناوچەكانی نێوان كەنەداو ئەمریكای ناوەڕاست و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا دەژی.