رێكخراوێكی ژینگەیی هەزار نەمامی زەیتون بەسەر ژمارەیەك گوندی سەنگەسەر دابەش دەكات    
(8/1/2014)



راپەڕین 7 كانوونی دووەم/ یەنایەر (PNA) - سەرۆكی رێكخراوی رایەڵەی ژینگەپارێزی قەندیل رایگەیاند، هەڵمەتێكی فراوانی ژینگەییان لە سنوری گوندەكانی شارەدێی سەنگەسەری سەر بە شارۆچكەی قەڵادزێ‌ جێبەجێكردوەو هەزار نەمامی زەیتونیشیان بەسەریاندا دابەشكردوە.



ئەحمەد ئیبراهیم، لە لێدوانێكدا بە پەیامنێری راگەیاند،لە چوارچێوەی هەڵمەتێكی درێژخایەنی ژینگەیی كە رێكخراوەكەمان لە سنوری ژمارەیەك گوندی سەر بە شارەدێی سەنگەسەر بەڕێوەی برد هەزار نەماممان لە جۆری زەیتون بەسەر هاوڵاتیان دابەشكرد كە هەر ماڵێك 1- 2 نەماممان پێیاندەدا.

گوتیشی، هاوكات بوارو بابەتە ژینگەییەكانیشمان بۆیان روونكردەوە بە هاوكاری قوتابیانی قوتابخانەكانیشیان هەڵمەتێكی پاككردنەوەی ئەو گوندانەمان جێبەجێكرد.

ئەحمەد ئیبراهیم راشیگەیاند،رێكخراوەكەمان رێكخراوێكی سەربەخۆیەو مۆڵەتی لە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومیەكان وەرگرتوەو بڕیاریشە لە داهاتودا پڕۆژەی تری بواری ژینگە بدەنە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومیەكان و دوای پەسندكردنی لە شارەدێی سەنگەسەر جێبەجێی دەكەن كە چەندین بڕگەو بابەتی تایبەت و پەیوەندار بە ژینگە لە خۆ دەگرێت.


دڵشاد ئەحمەد/ج