رێكخراوی سروشتی عێراق له‌ هه‌ولێره‌
كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی فه‌رمی له‌نێوان نوێنه‌رانی لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كان و رێكخراوه‌ ناحكوومییه‌كان به‌رێوه‌چوو
   
(29/10/2014)



سایتی ژینگه‌-دانا ته‌ها:
رۆژی سێ شه‌ممه‌ رێككه‌وتی 28/10/2014 به‌ ئامانجی گفتۆكردن له‌سه‌ر چۆنیه‌تی هاندانی هاونیشتمانیان، كه‌ رۆڵی به‌رچاویان هه‌بێت و به‌شدارییان پێ بكرێت له‌ پێشخستنی یاساو په‌یڕه‌وه‌ ژینگه‌ییه‌كان، رێكخراوی سروشتی عێراقی (طبیعه‌ العراق) به‌ هاوكاری فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌ی هه‌ولێری ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی فه‌رمی له‌نێوان نوێنه‌رانی لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كان و رێكخراوه‌ ناحكوومییه‌كان له‌ هۆڵی كۆبوونه‌وه‌كانی ده‌سته‌ی ژینگه‌ له‌ هه‌ولێر سازكرد. پاشان هه‌ریه‌كه‌ له‌ نوێنه‌رانی فه‌رمانگه‌و رێكخراوه‌كان به‌ كورتی په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆیان له‌ بواره‌ جیاجیاكانی ژینگه‌ روون كرده‌وه‌. له‌و باره‌وه‌ ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د به‌رێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی هۆشیاركردنه‌وه‌ی ژینگه‌یی و راگه‌یاندنی ده‌سته‌ی ژینگه‌ بۆ سایتی ژینگه‌ وتی: سازكردن و به‌ستنی كۆبوونه‌وه‌ی له‌و جۆره‌ به‌مه‌به‌ستی دوان له‌سه‌ر ره‌وشی ژینگه‌ و ده‌ستنیشانكردنی كێشه‌و گرفته‌ ژینگه‌ییه‌كان و دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌ی گونجاو به‌مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌و نه‌هێشتنی كێشه‌و گرفته‌كان و پێشخستن و باشتركردنی ره‌وشی ژینگه‌ گرنگی خۆی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی هه‌ماهه‌نگی زیاتر له‌نێوان فه‌رمانگه‌و دامه‌زراوه‌ ژینگه‌یی و رێكخراوه‌كانی ئه‌و بواره‌. هه‌روه‌ها ئه‌و به‌رێوه‌به‌ره‌ی راگه‌یاندن ئاماده‌یی ده‌سته‌ی ژینگه‌ی بۆ هه‌ر جۆره‌ چالاكیی و پرۆژه‌یه‌ك، كه‌ خزمه‌ت به‌ره‌وشی ژینگه‌ بكات ده‌ربڕی. شایانی باسه‌ ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ی هه‌رێم و رێكخراوی سروشتی عێراق به‌ستراو پێشووتریش له‌ شاری سلێمانی بۆ هه‌مان مه‌به‌ست كۆبوونه‌وه‌ی له‌مجۆره‌ سازكراوه‌و بڕیاریشه‌ له‌ شاری دهۆكیش سازبكرێت.