بۆ ڕێگەگرتن لە ژاوەژاو و پیسبوونی دەنگ لە شارەكاندا چی بكرێت؟    
(24/11/2013)



1 - یەكەی نیشتەجێبوون لە نزیك فڕۆكەخانەكانەوە دروست نەكرێت.
2 – دروستكردنی دیوارگەلی دژەدەنگ لە ڕێگەوبانەكاندا.
3 – دژەدەنگكردنی باڵاخانەكان و یەكەكانی نیشتەجێبوون.
4 – دووجام (دەبلجام)ـكردنی پەنجەرەكان بۆ ڕێگەگرتن لە دزەكردنی دەنگەكانی دەرەوە بۆ نیو باڵاخانەكان و خانووەكانەوە.
5 – سنوورداركردنی تێپەڕینی ئۆتۆمۆبێلە بارهەڵگرەكان و ئامێرگەلی هاتوچۆیی بەدەنگ و، هەروەها سنوورداركردنی خێرایی.
6 – قەدەغەكردنی هۆڕنەلێدان و، چاكسازیی فەرهەنگی هاتوچۆ (تڕافیكی).
دروستكردنی هێڵێكی پان لە دارگەل و پۆشەنی ڕووەكی لەسەر شۆلدەرەكان و نێو شەقامە پانەكانەوە دەتوانێت نزیكەی 10 دێسیبێڵ پیسوپەرۆسیی دەنگی كەم بكاتەوە و، یەكێك لە هەرزانترین و باشترین شێوازەكانی ئەو جۆرە پیسوپەرۆسییەیشە كە جگە لە كەمكردنەوەی پیسوپەرۆسیی دەنگییەوە ڕۆڵێكی سەرەكیشی لە خاوێنكردنەوەی كەشوهەوا و جوانیی شار هەیە.
بە هەرحاڵ پیسوپەرۆسیی دەنگی وەك هاوارێكی بێدەنگە كە بە شێوەیەكی شاراوە لە نێو كۆمەڵگە و، ژینگەدا خەریكی ڕەگوڕیشەداكوتانە. ئەگەر هەرئێستا، كە هێشتاكە ڕەهەندە زیانبەخشەكانی ئەو پیسوپەرۆسییە سنووردارە، پێشگیری لە گەشەكردن و پەرەسەندنی نەكرێت، دەبێتە گرفتێكی گەورەی جیهانی كە چارەسەركردنی زۆر سەختە. دەبێ ئەوەیش بڵێین بە داخەوە تەوەری پیسوپەرۆسیی دەنگی لە نێو هەراوهوریای پیسوپەرۆسیی كەشوهەوا و، ئاو و خاك و ژینگەدا ونبووە. هەرچەندە لەبارەی ئەو پیسوپەرۆسییانەیش تاكوو ئێستا هیچ كارێكی سوودبەخش ئەنجام نەدراوە.