كاتی خۆی گازی (مێتان) گیانلەبەرانی قڕ كردووە    
(3/11/2013)



بایۆلۆژیستە هۆڵەندییەكان لە لێكۆلینەوەیەكی تازەدا بۆ وڵامدانەوەی هۆكاری لەنێوچوونە دەستەجەمعییەكەی گیانلەبەرانی زەوی لە 200 ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستا وای بۆ دەچن كە كەڵەكەبوونی گازی (مێتان) لەنێو بەرگەهەوای زەوی بووەتە هۆكاری قڕبوونی گیانلەبەران و نیوەی گیانلەبەرە دەریاییەكان لەنێوچوون و بەشێوەیەكی ڕیشەیی سیمای ئێكۆسیستەمی زەوی گۆڕانی بەسەرهات. بەر لەوە زانایان پێیانوابوو كە گڕكانەكان هۆكاری ئەو لەنێوچوونەن بە جۆرێك كە لە كۆتایی چاخی (تێریاسە)ـی زەویناسییدا چڕیی دوان ئۆكسایدی كاربۆنی گەییشتە چوارقاتی كاتی ئاسایی و گڕكانە زەبەلاحەكانیش زۆر چالاك بوون. لە لایەكی دیكەوە لەو سەردەمدا پڕۆسەی لێكجیابوونەوەی كیشوەرەكانیش دەستیپێكردبوو و كیشوەرە زلەكەی (پانگیا) خەریكی دابەشبوون بوو و بە بۆچوونی زانایانەوە سیما تازەكەی زەوی و پەرەسەندنی چالاكیی گڕكانەكان هۆكاری سەرەكیی لەنێوچوونە مەزنەكەی 200 ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستا بووە.


بەڵام ئێستاكە زانایانی زانكۆی (ئۆخریت)ـی هۆڵاندا گریمانەیەكی دییان بۆ شیكردنەوەی ئەو لەنێوچوونە گەورەیە خستووەتەڕوو. لە ڕاستیدا چالاكیی گڕكانەكان 600 هەزار ساڵی خایاند بەڵام ڕووداوەكانی كۆتایی چاخی (كێرتاسە) تەنیا بیست هەتا چل هەزار ساڵی خایاند هەربۆیەش زانایان لە ئەنجامگیرییەك كە لە گۆڤاری (ساینس)ـدا بڵاو بووەتەوە ڕایانگەیاند كە چالاكییە گڕكانییەكان بە تەنیا ناتوانن هۆكاری قڕبوونی گیانلەبەرەكان بێت. هەر بە وتەی ئەوانەوە هۆكاری سەرەكی كە لە دووسەدویەك ملیۆن و چلهەزار ساڵ بەر لە ئێستادا ڕوویدا زۆربوونی ڕێژەی گازی (مێتان) لەنێو بەرگەهەوا بووە ئەویش لە ئەنجامی گەرمبوونی ئاوی ئۆقیانووسەكان ڕوویداوە. زۆربوونی مێتانی نێو بەرگەهەوا بیستهەزار ساڵی كێشاوە ڕێك ئەو كاتەی لەنێوچوونە دەستەجەمعییەكە ڕوویدا. توێژەران پاشماوەی ئەو ڕووەكانەی لە بەری دەریای (تێتیس)ـدا نێژراون خستیانە بەر لێكۆلین و ئیزۆتۆپی كاربۆنی ڕووەكەكانیشیان دۆزیەوە.
بە پێی توێژینەوەكە سەرچاوەی زۆربەی ئەو كاربۆنەی لەو كاتدا لە ڕووەكاندا كۆبووەتەوە لەبری دوان ئۆكسایدی كاربۆن، گازی مێتان بووە. بە پێی ڕاپۆرتی (وایڕدنیوز)ـەوە زانا هۆڵانداییەكان وای بۆ دەچن كە گەرمبوونی ئۆقیانووسەكان دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی گازی مێتان بۆ نێو بەرگەهەوای زەوی. ئەو گازەیش لە زنجیرە پەرچەكردارێكدا بووە هۆی گەرمتربوونی زەوی و لە ئاكامدا زەمینەی بۆ لەنێوچوون و قڕبوونی گیانلەبەران ڕەخساند