هه‌ڵه‌بجه‌.. 6 كه‌س ده‌ستگیر ده‌كرێن    
(2/3/2015)



PUKmedia فه‌رحان حه‌مه‌خان- هه‌ڵه‌بجه‌

ئه‌مرۆ 1-3-2015 له‌درێژه‌ی كاروچالاكیه‌كانی به‌شی پولیسی دارستان و ژینگه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ رێگریكردن له‌و كه‌سانه‌ی له‌م وه‌رزه‌دا هه‌ڵده‌ستن به‌راوكردن له‌ ماوه‌ی (24) كاتژمێردا توانیان (6) هاووڵاتی له‌ شاخی شنروێ ده‌ستگیربكه‌ن كه‌ (7) كه‌وی زیندوو (5) تاپڕیان پێبووه‌.

نه‌قیب سه‌ردار ئه‌حمه‌د به‌ڕێوبه‌ری پولیسی دارستان و ژینگه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: هێزه‌كانمان له‌ ماوه‌ی (24) كاتژمێردا (6) هاووڵاتیمان به‌پێی یاسای ژماره‌ (19) پاراستنی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ كێویه‌كان ده‌ستگیركردووه‌ كه‌ (5) تاپڕو (7) كه‌وی زیندوویان پێبووه‌و رووبه‌ڕووی دادوه‌رمان كردوونه‌ته‌وه‌.

وتیشی: داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كه‌ین هاوكارمان بن له‌ پاراستنی سروشت و ژینگه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌و له‌ ئێستادا باڵنده‌كان له‌ قۆناغی زۆربووندان هه‌ر هاووڵاتیه‌ك به‌تۆمه‌تی راوكردن ده‌ستگیر بكه‌ین سه‌ره‌ڕای ده‌ستگرتن به‌سه‌ر كه‌ره‌سته‌كانیدا رووبه‌ڕووی یاسای ده‌كه‌ینه‌وه‌.

له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی به‌هاردا ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ پیشه‌یان راوكردنه‌ روو ده‌كه‌نه‌ ناوچه‌ شاخاویه‌كان بۆ گرتنی باڵنده‌ كێویه‌كان به‌گشتی و كه‌و به‌تایبه‌تی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ش به‌رده‌وام چاودێری ناوچه‌ شاخاویه‌كان ده‌كه‌ن و سه‌رپێچیكاران رووبه‌ڕووی سزا ده‌كه‌نه‌وه‌.