ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ به‌هاوكاری رێكخراوه‌ واره‌میر
له‌ ناحیه‌ی قه‌سرێ كۆمه‌ڵێك چالاكی ژینگه‌یی ئه‌نجامدرا.
   
(13/4/2015)



به‌بۆنه‌ی رۆژی ژینگه‌ی كوردستان ،ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ له‌ ناحیه‌ی قه‌سرێ كۆمه‌ڵێك چالاكی ئه‌نجامدران وه‌كو ساز كردنی سیمینار و دار چاندن و كردنه‌وه‌ی پێشانگای فۆتۆگرافی .
خه‌سرۆ ساڵح به‌رپرسی به‌شی هۆشیاری ژینگه‌یی تایبه‌ت به‌ ماڵپه‌ری ژینگه‌ راگه‌یاند،ئێمه‌ به‌ نزیكبوونه‌وه‌ی رۆژی ژینگه‌ی كوردستان(16/4) ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ به‌هاوكاری رێكخراوه‌ واره‌میر له‌ ناحیه‌ی قه‌سرێ چه‌ند چالاكییه‌كانمان ئه‌نجامدا. سه‌ره‌تا له‌ هۆڵی بۆنه‌كان له‌ قه‌سرێ سیمینارێك بۆ (صمد محمدحسین) سه‌رۆكی ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ به‌ ناونیشانی (هۆشیاری ژینگه‌یی) سه‌رۆكی ده‌سته‌ ئاماژه‌ی به‌ گرنگی پاراستنی ژینگه‌ كرد له‌ ئێستا و ئاینده‌ و كه‌مكردنه‌وه‌ی پاشماوه‌كان و پاراستنی پێكهاتنه‌كانی ژینگه‌.
دواتر له‌ قوتابخانه‌ی كانی به‌ستێ پێشانگایه‌كی فۆتۆگرافی ژینگه‌یی ناوچه‌ی قه‌سرێ و دیارده‌كانی پیسكردنی كرایه‌وه‌،كه‌ (25) وێنه‌ی له‌ خۆ گرتبوو ، وه‌كو په‌یامێك بۆ پاراستنی ژینگه‌ و تێكنه‌دانی سروشتی جوانی كوردستان.
كاره‌كانی ناحیه‌ی قه‌سرێ به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆكی ده‌سته‌ و به‌رێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی هۆشیاری و راگه‌یاندن و به‌رێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی كارگێری و یاسایی بوو. ئه‌م چالاكیانه‌ له‌ رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ له‌ 12/4/2015 له‌ ناحیه‌ی قه‌سرێ ئه‌نجامدرا و ژماره‌یه‌ك له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان وه‌كو به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ و مامۆستایانی ئایینی و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی سنووره‌كه‌ و ژماره‌ له‌ ژینگه‌دۆستان و قوتابیان ئاماده‌ی چالاكییه‌كان بوون.
پاشان ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ بری (250) نه‌مامی له‌ قوتابخانه‌ی بنگرد به‌ هاوكاری لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی ناوچه‌كه‌ داره‌كانیان چاند به‌ ئامانجی پاراستنی ژینگه‌ و جوانكردنی ناحیه‌ی و زیاد كردنی رووبه‌ری سه‌وزایی .