رێكخراوی ئاینده‌ی سه‌وز چه‌ند چالاكییه‌كی ژینگه‌یی ئه‌نجامده‌دات    
(25/11/2013)



رێكخراوی ئاینده‌ی سه‌وز به‌ هاوكاری فه‌رمانگه‌ی رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان چه‌ند چالاكییه‌كی ژینگه‌یی ئه‌نجامدا. له‌ درێژه‌ی كارو چالاكییه‌كانیدا رێكخراوی ئاینده‌ی سه‌وز رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ رێككه‌وتی 24/11/2013 سیمینارێكی ژینگه‌ی له‌سه‌ر "گه‌رمبوونی گۆی زه‌وی" له‌ ئاماده‌یی ده‌شتی هه‌ولێر كوڕان سازكرد. له‌و سیمیناره‌شیاندا، وێرای خستنه‌روو و شیكردنه‌وه‌ی زانستیانه‌ی ته‌وه‌ری سیمیناره‌كه‌، تیشكییش خرایه‌ سه‌ر ئه‌ركه‌كانی توێژی قوتابیان و رۆڵی ئه‌وان له‌ پاراستنی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان. له‌ كۆتایی چالاكیه‌كه‌شدا، هه‌ڵمه‌تێكی نه‌مام چاندن له‌ باخچه‌ی قوتابخانه‌كه‌ به‌رێوه‌چوو. شایانی باسه‌ رێكخراوی ئاینده‌ی سه‌وز رێكخراوێكی ناحكومییه‌ كار بۆ پاراستنی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و له‌و رووه‌وه‌ش به‌ ئه‌نجامدان و سازكردنی چالاكی جۆراوجۆر درێژه‌ به‌كاره‌كانی ده‌دات.