ڕاهاتنی منداڵ لەسەر داوای لێبۆردن كردن    
(27/1/2013)



ڕاهێنانی منداڵەكانتان لەسەر ئەوەی داوای لێبۆردن بكەن كارێكی زۆری دەوێت. بۆ ئەو كارە پێویستە: - لە منداڵە بچووكترەكانەوە دەست پێ بكەن: دەبێ فێریان بكەن كە بۆ چی داوای لێبۆردن پێوییستە؟ منداڵە بچووكەكان بە تایبەت ئەوانەی لە خوارووی تەمەنی 6 ساڵانن تەنیا خۆیان دەبینن و بایەخ بە كاردانەوەی منداڵانی دیكە بەرانبەر بەو كارەی ئەنجامیان داوە، نادەن. دەبێ بە ئارامی ئەو منداڵە فێر بكەن كە ئەو قسەیەی كردوویەتی یان ئەو كارەی ئەنجامی داوە زیانی بە جەستە یان هەست یان شتەكانی كەسێكی دیكە گەیاندووە. - هەنگاو بە هەنگاو فێریان بكەن: تەنیا وتنی وشەی (ببورە) بۆ منداڵ بێمانایە، جگە لەوەی بزانێت ماناكەی چییە؟ لە سەرەتادا لەوانەیە وا بێتە پێشچاو كە منداڵ تەنیا وشەكان دووبارە دەكاتەوە، بەڵام وردەوردە خۆی فێر دەبێت سەربەخۆ و لە كات و شوێنی پێویست ئەو وشەیە بەكار ببات. - كاتێك خۆتان هەڵەیەك بەرانبەر منداڵەكەتان دەكەن لە منداڵەكەتان داوای لێبۆردن بكەن: هیچ شتێك لەوە باشتر نییە كە ئێوە ئەو ئاكارەی لە منداڵەكەتان دەوێت بۆی ئەنجامی بدەن. ئەو وشانە بەكار ببەن كە منداڵەكەتان بزانێت لەو كارەی ئەنجامتان داوە پەشیمانن. وەكوو:"لەو كارەی ئەنجامم داوە پەشیمانم و هەوڵ دەدەم ئەو كارە دووبارە نەكەمەوە." - یارمەتی منداڵەكەتان بدەن بۆ ئەوەی ئەو هەڵەیەی كردووە ڕاست بكاتەوە. بۆ نموونە یارمەتی برادەرەكەی بدەن بۆ ئەوەی ئەو یارییەی منداڵەكەتان تێكی دابوو، دووبارە دروستی بكاتەوە. یان ئەو نیگارەی منداڵەكەتان تێكیداوە یان دڕاندوویەتی دووبارە بكێشێتەوە. ئەو خاڵێكی گرنگە كە منداڵەكەتان بزانێت ئەو هەڵانەی كردوویەتی تەنیا بە وتنی ببورە و داوای لێبۆردن كردن چاك نابیتەوە. منداڵە گەورەكانتان فێر بكەن: - چاوەڕوانی ئێوە لە منداَلە گەورەكانتان دەبێ زیاتر بێت، چونكە تەمەنی گەورەترە و دەبێ بزانێت ئەو چەمكەی لە پشتەوەی داوای لێبۆردن كردن هەیە، چییە؟ لەبەر ئەوە ئەو ناتوانێت تەنیا بە وتنی وشەی ببورە كارەكە تەواو بكات. - منداڵ دەبێ بزانێت داوای لێبۆردنی دروست دەبێ لەگەڵ وتنی هۆكاری ئەنجامدانی ئەو كارە بێت. واتە بڵێت بۆ چی ئەو كارەی ئەنجام داوە و پاشان داوای لێبۆردن بكات. - لە ڕادەبەدەر پێداگێری نەكەن كە منداڵەكەتان داوای لێبۆردن بكات. زۆر جار ئێمە لەو كارەی ئەنجاممان داوە پەشیمان نین كە واتە منداڵەكانیشمان وا بیر دەكەنەوە. لەبەر ئەوە ئەگەر ئێوە زۆر پێداگیری بكەن لەسەر ئەوەی كە ئەو داوای لێبۆردن بكات، دەرئەنجامێكی باشی نابێت و ئەو ڕادێت لەسەر ئەوەی كە وشەی ببورە ڕێگایەكە بۆ ڕزگاربوون و لە ژێر بەرپرسیاریەتی دەرچوون. - دەبی هەڵەكان ڕاست بكرێنەوە: فێربوونی داوای لێبۆردن كردن بەو مانایە دێت كە ئێوە بەرپرسیاریەتی ئەو كار و هەڵەیەی ئەنجامتان داوە لە ئەستو دەگرن. پەنجەرەیەك شكاوە. ئێوە دەبی ئەو پەنجەرەیە چاكبكەنەوە و تێچوونەكەی بدەن. ئەگەر دڵی كەسێك شكاوە دەبێ لە ڕێگەیەكی باش دڵی بدەنەوە.