له‌م وه‌رزه‌دا، 5 ملیۆن دۆنم دارستان ده‌پارێزرێت ‌    
(13/7/2011)



به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ره‌زگه‌ریء دارستانء پاوان له‌وه‌زاره‌تی كشتوكاڵء سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكومه‌تی هه‌رێم پلانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان له‌هه‌رسی بواری دارستانء باخداریء پاوان له‌ساڵی 2011ده‌خاته‌ڕوو كه‌ كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ی گرنگن ئه‌وانیش ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌یه‌ك بۆ به‌رهه‌مهێنانی 2 ملیۆنء 900 هه‌زار نه‌مام، به‌هه‌ردوو جۆری نه‌مامی دارستانء نه‌مامی باخداری كه‌ به‌رهه‌مهێنانی ملیۆنێكء 200 هه‌زار نه‌مام له‌پارێزگای هه‌ولێرو ملیۆنێك نه‌مام له‌پارێزگای سلێمانیء 600 هه‌زار نه‌مام له‌پارێزگای دهۆكء هه‌زار نه‌مام له‌ناوچه‌ی گه‌رمیان ده‌گرێته‌وه‌، (بڕیاروایه‌ ملیۆنێكء 250 هه‌زار نه‌مامی باخداری له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێم به‌رهه‌م بهێنین كه‌ 350 هه‌زار نه‌مام له‌پارێزگای سلێمانیء 350 هه‌زار نه‌مام له‌پارێزگای هه‌ولێرو 350 هه‌زار نه‌مام له‌پارێزگای دهۆكء 200 هه‌زار نه‌مام له‌سنووری گه‌رمیان ده‌گرێته‌وه‌) حوسین حه‌مه‌ كه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ره‌زگه‌ریء دارستانء پاوان له‌وه‌زاره‌تی كشتوكاڵء سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێم وه‌های وت .
له‌مساڵدا، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵء سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكومه‌تی هه‌رێم، چه‌ندین پڕۆژه‌ی جۆراوجۆری له‌بواری ره‌زگه‌ریء دارستانء پاوانه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام داوه‌و بڕیاریش وایه‌ له‌ماوه‌ی داهاتوودا چه‌ندین پڕۆژه‌ی تری له‌م شێوه‌یه‌ بخرێته‌ بواری جێبه‌جێكردن، هه‌روه‌ها له‌هه‌مان كاتیش ئاماده‌كارییه‌كی باش بۆ كۆنترۆڵكردنی رووداوه‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌دارستانه‌كانء هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاوولاتیان سه‌باره‌ت به‌م كێشه‌یه‌ كراوه‌.
چوار پاركی نموونه‌یی
حوسین حه‌مه‌ كه‌ریم ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه‌ به‌ره‌و وه‌رزی گه‌رماو وشكبوونی پوشء گژوگیا ده‌چن، بۆیه‌ به‌مه‌به‌ستی دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌سه‌رهه‌ڵدانی رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌دارستانء پاوانه‌كان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌یان پڕۆژه‌ی بژارو بنكۆڵكردن له‌دارستانه‌ ده‌ستكرده‌كاندا ئه‌نجامده‌ده‌ن، چونكه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستاندا نزیكه‌ی 5 ملیۆن دۆنم رووبه‌ری دارستان هه‌یه‌ به‌هه‌ردوو جۆری سروشتیء ده‌ستكرده‌وه‌، بۆیه‌ ناكرێت ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌هه‌موو شوێنێك ئه‌نجامبدرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌ته‌كه‌یان بڕی 711 ملیۆن دیناری ته‌رخانكردووه‌و ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ش له‌سه‌ر رووبه‌ری نزیكه‌ی 12 هه‌زارو 760 دۆنم زه‌وی ئه‌نجامده‌درێت.
به‌ڕێوه‌به‌رێتی ره‌زگه‌ریء دارستانء پاوان به‌مه‌به‌ستی ئاودانی دارستانه‌ ده‌ستكرده‌كان و دووباره‌ چاندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و نه‌مامانه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوو چێندراونء دواتر وشكبوون، نزیكه‌ی ملیارێك دیناری ته‌رخانكردووه‌ و ئێستا 110 تانكه‌ری ئاویان خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.
بڕیاره‌ له‌ماوه‌ی داهاتوودا وه‌زاره‌تی كشتوكاڵء سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێم چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی دیكه‌ له‌بواری دارستانه‌كاندا ئه‌نجام بدرێت، له‌وانه‌ ئه‌نجامدانی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی چاككردنی دارستانی سروشتیء دروستكردنی چه‌ند پاركێكی دارستان كه‌ئێستا له‌بواری جێبه‌جێكردندان له‌وانه‌، دروستكردنی پاركێكی دارستان له‌سلێمانی له‌سه‌ر رووبه‌ری 500 دۆنم زه‌وی كه‌ئێستا 30 هه‌زار نه‌مامی تێدا چێندراوه‌و بڕی زیاتر له‌600 ملیۆن دیناری بۆ ته‌رخانكراوه‌، هه‌روه‌ها ئێستا له‌هه‌ولێرو دهۆكیش پڕۆژه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ له‌سه‌ر رووبه‌ری 500 دۆنم زه‌ویء له‌گه‌رمیانیش پڕۆژه‌یه‌كی تری له‌م شێوه‌یه‌ له‌سنووری شارۆچكه‌ی كه‌لار له‌سه‌ر رووبه‌ری 300 دۆنم زه‌وی له‌بواری جێبه‌جێكردندایه‌و ئه‌م پڕۆژانه‌ش هه‌موو كارێكی وه‌ك دروستكردنی سیاجء بینای كارگێڕیء هه‌ڵكه‌ندنی بیری ئیرتیوازی له‌گه‌ڵدایه‌و ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكه‌ بۆ زیادكردنی رێژه‌ی رووبه‌ری سه‌وزاییء شوێنی خۆشیء كات به‌سه‌ربردنی هاوولاتیان.
سووتانی 192 هه‌زار دۆنم
ساڵی 2010 نزیكه‌ی 192 هه‌زار دۆنم زه‌وی رووبه‌ری دارستانء پاوانء ره‌زو باخء كێڵگه‌ كشتوكاڵیه‌كان تووشی سووتاندنء ئاگركه‌وتنه‌وه‌ بوون، ئه‌مه‌ش زیانێكی زۆری له‌بواری ژینگه‌ییء ئابووری هه‌رێم داوه‌، بۆ زیاتر كۆنترۆڵكردنء رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌ مه‌ترسیداره‌ حوسین حه‌مه‌ كه‌ریم ده‌ڵێت: (هه‌ر له‌كۆتایی ساڵی رابردوو لیژنه‌یه‌كمان بۆ ئاماده‌كاری رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی دیاده‌ی سووتانی دارستانه‌كان پێكهێناو خه‌ملاندنی زیانه‌كانمان كرد، خۆشبه‌ختانه‌ له‌ماوه‌ی ساڵی رابردوو توانرا به‌شێك له‌كه‌لوپه‌لء پێداویستیه‌كانی ئاگركوژاندنه‌وه‌ بۆ كارمه‌ندانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی به‌رگری شارستانی وه‌ك ده‌زگایه‌كی تایبه‌تمه‌ند به‌م بواره‌ دابینبكرێنء بڕیاریش وایه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا چه‌ندین پێداویستی تریان بۆ دابین بكه‌ین).
له‌م وه‌رزی ئاگركه‌وتنه‌وه‌یه‌دا به‌ڕێوه‌به‌رێتییه‌كانی دارستانء پاوانء به‌ڕێوه‌به‌رێتییه‌كانی پۆلیسی دارستان له‌پارێزگاكانی هه‌رێم ئاماده‌كاری ته‌واویان كردووه‌ بۆ دانانی تیمی ئێشكگری تایبه‌ت به‌پاراستنی دارستانه‌كانء كۆنترۆڵكردنی رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌دارستانه‌كاندا، به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی ژینگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ستكراوه‌ به‌ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌تێكی هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاوولاتیانی تایبه‌ت به‌پاراستنی دارستانه‌كانء ژینگه‌ی سروشتی هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ نزیكه‌ی 5 ملیۆن دۆنم رووبه‌ری دارستانء رووبه‌رێكی زۆری پاوان له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، (ئه‌گه‌ر هاوولاتیانی كوردستان خۆیان به‌خاوه‌نی ئه‌م سامانه‌ سروشتیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ نه‌زانن، ئه‌وا ئێمه‌ به‌ته‌نیا وه‌ك ده‌زگایه‌كی تایبه‌ت به‌م بواره‌ ناتوانین پارێزگاری له‌م سامانه‌ بكه‌ین، هه‌روه‌ها هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش نووسراوێكمان ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی هه‌رێم كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش بتوانن له‌ڕێگه‌ی مامۆستایانی ئایینیء وتار بێژه‌كانیانه‌وه‌ هاوولاتیان له‌رووداو و مه‌ترسیه‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌دارستانه‌كان هۆشیار بكه‌نه‌وه‌) حوسێن حه‌مه‌ كه‌ریم وه‌های وت.
كۆنترۆڵكردنی ئاگركه‌وتنه‌وه‌
مه‌به‌ستی پاراستنی دارستانه‌كانء كۆنترۆڵكردنی رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌دارستانه‌كان، به‌ڕێوه‌به‌رێتی ره‌زگه‌ریء دارستانء پاوان به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی هه‌رێم داوایان له‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن پێداویستی ته‌واوی كۆنترۆڵكردنی رووداوی ئاگر كه‌وتنه‌وه‌و پاراستنی دارستانه‌كان له‌لایه‌ن یه‌كه‌ ئیداریه‌كانی سنووری پارێزگاكانی هه‌رێم دابین بكه‌ن، بۆیه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رێتییه‌ ده‌ڵێت: (ئێستا له‌ڕێگه‌ی ته‌واوی یه‌كه‌ ئیداریه‌كانی سنووری پارێزگاكانه‌وه‌ ئاماده‌كاریه‌كی باش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كراوه‌و ئێستا سه‌رقاڵی دروستكردنی هێڵی ئاگربڕن له‌دارستانه‌كاندا، بۆئه‌وه‌ی به‌زووترین كات بتوانرێت ئاگره‌كه‌ بكوژێندرێته‌وه‌و ته‌شه‌نه‌ نه‌كات، هه‌روه‌ها به‌مه‌به‌ستی كۆنترۆڵكردنی رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ناوچه‌ی شاخاویء شوێنه‌ دووره‌ ده‌سته‌كانیشه‌وه‌ ساڵی رابردوو پڕۆژه‌یه‌كمان ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كرد، بۆئه‌وه‌ی 3 فڕۆكه‌ی تایبه‌ت به‌ئاگر كوژاندنه‌وه‌مان بۆ دابین بكه‌ن، به‌لام به‌هۆی كه‌می ئه‌و بودجه‌یه‌ی كه‌بۆمان ته‌رخانكرا بوو، نه‌توانرا ئه‌و 3 فڕۆكه‌یه‌مان بۆ دابین بكه‌ن، بۆیه‌ ئێستا بۆ جارێكی تر ئێمه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌مان ئاماده‌ كردووه‌و ره‌وانه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانمان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت له‌بودجه‌ی ساڵی 2012 ئه‌و 3 فڕۆكه‌یه‌مان بۆ دابین بكه‌ن).
پڕۆژه‌كانی باخداری
له‌سه‌ره‌تای وه‌رزی به‌هاری ئه‌مساڵدا به‌ڕێوه‌به‌رێتی گشتی ره‌زگه‌ریء دارستانء پاوان به‌بڕی 3 ملیارو 667 ملیۆن دینار 1733 تۆن بنه‌تۆی په‌تاته‌ به‌ڕێژه‌ی 60% پاڵپشتی حكومه‌تی هه‌رێم له‌نرخی كڕینی بنه‌تۆوه‌كه‌ به‌سه‌ر جوتیارانی هه‌رێم دابه‌شكردووه‌، به‌مه‌ش 443 جوتیار له‌ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێم له‌م پڕۆژه‌یه‌ سوودمه‌ند بوونء بنه‌تۆوه‌كه‌ش له‌سه‌ر رووبه‌ری 3423 دۆنم زه‌وی كشتوكاڵی چێندراوه‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ن كه‌ بۆ ئه‌مساڵ به‌رهه‌می په‌تاته‌ بگاته‌ زیاتر له‌40 هه‌زار تۆن كه‌چی له‌ساڵی 2010 ته‌نیا 28 هه‌زار تۆن په‌تاته‌ به‌رهه‌م هێنرا، هه‌روه‌ها له‌25/5 ی ئه‌مساڵه‌وه‌ رێگه‌ له‌هاورده‌كردنی به‌رهه‌می په‌تاته‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان گیراوه‌ بۆئه‌وه‌ی نرخی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ دانه‌به‌زێتء جوتیاران زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بن، هه‌روه‌ها ئێستا ژماره‌یه‌كی زۆری جوتیارانیش هه‌وڵیانداوه‌ كه‌جۆری بنه‌تۆی زۆر باشی په‌تاته‌یان هێناوه‌ته‌ هه‌رێم، بۆیه‌ به‌هه‌موو ئه‌م پڕۆژانه‌وه‌ ئومێد ده‌كرێت كه‌ له‌مساڵدا به‌رهه‌مێكی باشی په‌تاته‌ به‌ده‌ستبهێنرێت، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ره‌زگه‌ریء دارستانء پاوان وتی:(هه‌میشه‌ بایه‌خێكی زۆریشمان داوه‌ به‌چاندنء دانانی باخی مێوی ترێء بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌ماوه‌ی 4 ساڵی رابردوو گرێبه‌ستمان له‌گه‌ڵ چه‌ند شاره‌زایه‌كی تایبه‌تمه‌ند له‌بواری چاندنء په‌روه‌رده‌كردنی مێودا ئیمزاكردووه‌و له‌هه‌ر پارێزگایه‌كی هه‌رێمیش تیمێكی شاره‌زامان پێكهێناوه‌ بۆئه‌وه‌ی چاودێریء سه‌رپه‌رشتی باخه‌ مێوه‌كان بكات كه‌ له‌سه‌ر شێوازێكی تازه‌و به‌سیستمی په‌روه‌رده‌كردنی مێوی ترێ له‌سه‌ر ته‌ل ناسراوه‌، هه‌روه‌ها سالانه‌ش ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی باخی مێوی ترێ نۆژه‌ن ده‌كه‌ینه‌وه‌و ژماره‌یه‌كی تریش به‌شێوازێكی نوێ ئه‌نجام ده‌ده‌ین به‌تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی كه‌ئاوو هه‌واكه‌ی زۆر گونجاوه‌ له‌گه‌ڵ چاندنء به‌رهه‌مهێنانی ترێداو سالانه‌ به‌رهه‌مێكی زۆری ترێی تێدا به‌رهه‌مده‌هێنرێت، چونكه‌ دیاره‌ په‌یڕه‌وكردنی شێوازی په‌روه‌رده‌كردنی مێو له‌سه‌ر ته‌ل زۆر جیاوازی له‌سه‌ر شێوازه‌ كۆنه‌كه‌دا هه‌یه‌، بۆیه‌ بۆ ئه‌مساڵ بڕیاروایه‌ 56 جوتیاری هه‌رێم له‌م پڕۆژانه‌ به‌رووبه‌ری 1 - 2 دۆنم زه‌وی سوودمه‌ندبن كه‌كۆی گشتی رووبه‌ره‌كه‌ ده‌كاته‌ 89 دۆنم زه‌وی، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌مان بڕی 305 ملیۆن دینار بۆ به‌رهه‌مهێنانی زیاتر له‌ 20 هه‌زار دینگه‌ی كۆنكرێتی بۆ سیاجی باخه‌كانی میو ته‌رخانكردووه‌و ئێمه‌ش به‌ڕێژه‌ی 50% و به‌پاڵپشتی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌و دینگه‌ كۆنكریتیانه‌ به‌جوتیاران ده‌ده‌ینه‌وه‌، خۆشبه‌ختانه‌ش ئێستا دانانی باخی مێوی ترێ به‌پێی ئه‌م شێوازه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌كی زۆری جوتیاران په‌ره‌ی سه‌ندووه‌).
باخی هه‌نارو له‌وه‌ڕگای ئاژه‌ڵی
به‌ڕێوه‌به‌رێتی ره‌زگه‌ری و دارستان جگه‌ له‌ئه‌نجامدانء نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی باخی مێو، له‌پلانیاندایه‌ كه‌چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی دانانی باخی هه‌نار به‌پێی سیستمی ئاودێری پێشكه‌وتوو بۆ جوتیاران ئه‌نجام بده‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش رووبه‌ری 85 دۆنم زه‌وی كشتوكاڵییان بۆ دانانی 35 باخی هه‌نار له‌پارێزگاكانی هه‌رێم ته‌رخانكردووه‌، هه‌روه‌ها ئێستا له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌شدان كه‌چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی دروستكردنی له‌وه‌ڕگای ئاژه‌ڵی به‌شێوازێكی پێشكه‌وتوو ئه‌نجام بده‌ن، له‌وانه‌ چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی تۆوی گژوگیای پاوانه‌كانء دواتر بلاوكردنه‌وه‌ی تۆوه‌كه‌ له‌و شوێنانه‌ی كه‌بێ گژوگیان یاخود گژوگیاكه‌یان لاوازه‌، (بڕیاروایه‌ ئه‌مساڵ بڕی 10 تۆن تۆوی ئه‌م گژوگیایانه‌ كۆبكه‌ینه‌وه‌و دواتریش له‌و شوێنانه‌ی بلاوبكه‌ینه‌وه‌ كه‌بێ گژوگیانء بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش بڕی 54 ملیۆن دینار ته‌رخانكراوه‌، هه‌روه‌ها بڕیاریشوایه‌ له‌ڕێگه‌ی جوتیارانه‌وه‌، چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی چاندنی رووه‌كی وێنجه‌ وه‌ك ئالیكی ئاژه‌ڵی ئه‌نجام بدرێتء وه‌ك وه‌زاره‌ته‌كه‌مان هه‌موو جۆره‌ هاوكاریء كارئاسانییه‌ك له‌م رووه‌وه‌ بۆ جوتیاران ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش بڕیاروایه‌ له‌مساڵدا رووبه‌ری 650 دۆنم زه‌وی كشتوكاڵ به‌رووه‌كی وێنجه‌ بچێنینء بڕی 83 ملیۆن دیناریش بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ته‌رخان كراوه‌، هه‌روه‌ها له‌و شوێنانه‌ش كه‌له‌وه‌رگایان لاوازه‌و گژوگیایان كه‌مه‌ بڕیاروایه‌ چه‌ند جۆرێك له‌په‌ینی كیمیاوی به‌و شوێنانه‌ بلاوبكه‌ینه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی گژوگیاكه‌یان زیاتر گه‌شه‌ بكاته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی چه‌ندین پڕۆژه‌ی تری تایبه‌ت به‌چاككردنی سه‌رچاوه‌كانی ئاوو دروستكردنی هه‌رێز (ته‌ویله‌) به‌بڕی 267 ملیۆن دینار بۆ پاراستنی ئاژه‌ڵه‌كان له‌مه‌ترسی سه‌رماو گه‌رماو بارودۆخی كه‌ش و
هه‌واوه‌) حوسێن حه‌مه‌كه‌ریم وه‌های وت