وه‌زیری پێشووی‌ ژینگه‌، هۆكاری‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ پله‌كانی‌ گه‌رما له‌ عیراق ئاشكرا ده‌كات    
(12/9/2012)



نه‌رمین عوسمان خه‌ندان- سۆران كه‌ریم له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌ گه‌ڵ خه‌ندان، وه‌زیری پێشووی‌ ژینگه‌ی‌ عیراق هۆكاری‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ پله‌كانی‌ گه‌رما‌و پیسبوونی‌ ژینگه‌ی‌ عیراق ده‌خاته‌ڕوو، ئاشكراشی ده‌كات، به‌هۆی‌ جه‌نگه‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كه‌كانی‌ عیراقه‌وه‌، پله‌كانی‌ گه‌رمابه‌رزبوونه‌ته‌وه‌‌و ژینگه‌ی‌ عیراق پیس بووه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ رێژه‌ی‌ نه‌خۆشییه‌كان‌و به‌تایبه‌ت نه‌خۆشی‌ شێرپه‌نجه‌ زیادیان كردووه‌. نه‌رمین عوسمان، وه‌زیری پێشووی‌ ژینگه‌ی‌ عیراق له‌ دیمانه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ خه‌ندان له‌ باره‌ی‌ پیسبوونی‌ ژینگه‌ی‌ عیراق‌و به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ پله‌ی‌ گه‌رما، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ له‌سه‌رده‌می‌ هه‌موو جه‌نگێكدا گۆڕانكاری‌ له‌ پێكهاته‌ی‌ ماده‌كانی‌ ژینگه‌ وه‌كو (زه‌وی‌، هه‌وا، ئاو) رووده‌دات، وتیشی:"هه‌موو چه‌نگێك كاریگه‌ری‌ خۆی‌ ده‌بێت بۆ تێكدانی‌ ژینگه‌ی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی جه‌نگه‌كه‌ی‌ تێدا رووده‌دات، بۆیه‌ جه‌نگه‌كانی‌ عیراق_ ئێران، عیراق_ئه‌مریكا له‌كاتی‌ داگیركردنی‌ وڵاتی‌ كوه‌یت، عیراق- ئه‌مریكا له‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنی‌ عیراق ئه‌و سێ جه‌نگه‌ كاریگه‌ری‌ خراپیان به‌سه‌ر كه‌شی‌ عیراقدا بووه‌" نموونه‌ی‌ ئه‌وه‌شی هێنایه‌وه‌ كه‌ له‌كاتی‌ جه‌نگی‌ هه‌شت ساڵه‌ی‌ نێوان عیراق‌و ئێران زۆربه‌ی‌ زۆنگاوه‌كانی‌ خوارووی‌ عیراق (ئه‌هواره‌كان) وشك كران ‌وئاویان لێبڕا. وتیشی:"رژێمی به‌عس ئه‌و زۆنگاوانه‌ی‌ وشك كرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانێت سوپای تێدا نیشته‌جێ بكات‌و جووڵه‌یان پێبكات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و هۆكاره‌ی‌ كه‌ ئه‌و زۆنگاوانه‌ پێشتر وه‌كو حه‌شارگه‌یه‌ك له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی‌ حزبه‌ شیعه‌كانه‌وه‌ به‌كارده‌هێنران". وه‌زیری پێشووی‌ ژینگه‌ی‌ عیراق، ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو كه‌، زۆنگاوه‌كان رۆڵی‌ فێنككردنه‌وه‌و شێداركردنی‌ هه‌وایان ده‌بینی، وتیشی:"كاتێك هه‌وا له‌ خواره‌وه‌ هه‌ڵیده‌كرد‌و به‌سه‌ر زۆنگاوه‌كاندا تێده‌په‌ڕی، پله‌ی‌ گه‌رمی هه‌واكه‌ نزم ده‌بووه‌وه‌‌و شێداریش ده‌بوو، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ تۆزی‌ نێو هه‌واكه‌شی‌ ده‌گرته‌ خۆی‌". به‌ پێی زانیارییه‌كانی‌ نه‌رمین عوسمان، جگه‌ له‌ وشككردنی‌ زۆنگاوه‌كان، به‌ ملیۆنان داری‌ خورما له‌لایه‌ن رژێمی‌ به‌عسه‌وه‌ بڕانه‌وه‌، وتیشی:"ئه‌و دار خورمایانه‌ش رۆڵی‌ فێنككردنه‌وه‌ی‌ كه‌ش‌و هه‌وایان ده‌بینی‌و ده‌بوونه‌ هۆكارێك بۆ نزمكردنه‌وه‌ی‌ پله‌كانی‌ گه‌رمای‌ عیراق". ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ له‌ جه‌نگه‌كاندا به‌ هه‌زار تانك له‌ بیابانه‌كانی‌ عیراق ده‌جوڵێنران، ئه‌وه‌ش وه‌ك وه‌زیری پێشووی‌ ژینگه‌ی‌ عیراق ئاماژه‌ی‌ پێدا ده‌بووه‌ هۆی‌ تێكدانی‌ چینی یه‌كه‌می‌ بیابانه‌كان، وتیشی:"به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ بارانیش كه‌م ده‌باری‌، بۆیه‌ بیابانه‌كان نه‌یانده‌توانی‌ جارێكی‌ دیكه‌ ئه‌و چینه‌ی‌ یه‌كه‌م دروست بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و چینه‌ وردده‌بوو‌و ده‌هاڕا، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ هه‌ركات. هه‌وا ده‌اهات خۆڵ بارینه‌كه‌ زیادی ده‌كرد، جگه‌ له‌وه‌ش زۆربه‌ی‌ گژوگیا بیابیانییه‌كانیش بوونه‌ ژێر تانكه‌كانه‌وه‌ كه‌ رۆڵیان له‌ فێنككردنه‌وه‌ی‌ هه‌وا هه‌بووه‌". پێیشیوایه‌ به‌ كارهێنانی‌ ته‌قه‌مه‌نییه‌كان له‌ كاتی‌ جه‌نگه‌كاندا هۆكارێكی‌ دیكه‌یه‌ بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ پله‌كانی‌ گه‌رما، وتیشی:"له‌ كاتی‌ داگیركردنی‌ وڵاتی‌ كوه‌یت‌و پێش كشانه‌وه‌ی‌ سوپای عیراق، زۆربه‌ی‌ بیره‌ نه‌وتییه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌لایه‌ن سوپای عیراقه‌وه‌ گڕیان تێبه‌ردرا‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ چینێكی‌ ره‌ش له‌ ئاسمانی‌ عیراقدا دروست بوو، تائێستاش كاریگه‌ری‌ ئه‌و چینه‌ ره‌شه‌ به‌سه‌ر ژینگه‌ی‌ عیراقدا ماوه‌ته‌وه‌". جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و چینه‌ ره‌شه‌ ژینكه‌ی‌ خۆڵی‌ سنووری‌ عیراقی تێكداوه‌‌و مه‌وادی‌ كیمیاوی‌ به‌جێهێشتووه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ ئه‌و كشتوكاڵه‌ی‌ له‌و سنوورانه‌دا ده‌كرێن نه‌توانێت ژینگه‌ی‌ پێشووی‌ خۆی‌ بدۆزێته‌وه‌، بۆیه‌ پێكهاته‌كه‌ی‌ تێكده‌چێت‌و گه‌شه‌ ناكات. وه‌زیری پێشووی‌ ژینگه‌ی‌ عیراق، ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو كه‌ له‌ هه‌ر وڵاتێكدا جه‌نگ هه‌بێت گرنگیدانی‌ حكومه‌ت بۆ بواره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ وڵات كه‌م ده‌بێته‌وه‌‌و په‌رواێز ده‌خرێن، له‌ به‌رامبه‌ریشدا ته‌نها گرنگی‌ به‌ بواری‌ سه‌ربازی‌ ده‌درێت‌و به‌شێكی‌ زۆری‌ بودجه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌ بۆ كڕینی چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌‌و پێداویستییه‌ سه‌ربازییه‌كان خه‌رجده‌كرێت، ئه‌مه‌ش وه‌كخۆی‌ وتی‌ ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ تێكچوونی‌ ژینگه‌. سه‌باره‌ت به‌و زانیارییانه‌ش كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن به‌هۆی‌ به‌كارهێنانی‌ یۆرانیۆمه‌وه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكاوه‌ له‌ كاتی‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادی‌ عیراقدا، كه‌ش‌و هه‌وای‌ عیراق تێكچووه‌‌و بووه‌ته‌ هۆی‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ پله‌كانی‌ گه‌رماوه‌، نه‌رمین عوسمان ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌، وتی‌:"نه‌بووه‌ته‌ هۆی‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ پله‌كانی‌ گه‌رما، به‌ڵكو ته‌نها ژێنگه‌ی‌ عیراقی پیسكردووه‌ به‌ ماده‌ی‌ تیشكده‌ره‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ مه‌ترسییه‌كان بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشی‌ ترسناك". وه‌زیره‌كه‌ی پێشووی‌ ژینگه‌ی‌ عیراق، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ نه‌خۆشییه‌كان به‌ كۆی‌ گشتی‌ له‌ عیراقدا زیادیان كردووه‌‌و ئه‌وه‌ش ته‌نها به‌هۆی‌ یه‌ك هۆكاره‌وه‌ نییه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد كه‌ كۆمه‌ڵێك هۆكار بۆ زیادبوونی‌ نه‌خۆشییه‌كان هه‌یه‌، له‌وانه‌ش: له‌ كاتی‌ جه‌نگدا باری‌ ده‌روونی‌ خه‌ڵك تێكده‌چێت، هه‌روه‌ها خه‌رجكردنی‌ بودجه‌یه‌كی زۆر له‌ بواری‌ سه‌ربازیدا‌و په‌راوێزخستنی‌ ژینگه‌‌و لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ ژیان، كه‌ ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی‌ پیسبوونی‌ ئاوی‌ خواردنه‌وه‌‌و بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ چه‌ندین نه‌خۆشی‌. وتیشی:"رێژه‌ی‌ تووشبوون به‌ نه‌خۆشی‌ شیرپه‌نجه‌ له‌ عیراق‌و ته‌نانه‌ت له‌ وڵاتانی‌ كه‌نداو ‌و ده‌وروبه‌ری‌ عیراق زیادی كردووه‌" ئاشكراشیكرد، به‌هۆی‌ ئه‌و ئابلووقه‌ ئابوورییه‌ی‌ له‌سه‌رده‌می‌ رژێمی‌ به‌عسدا خرایه‌ سه‌ر عیراق، خۆراكێكی‌ زۆری‌ ناته‌ندروست‌و نه‌شیاو بۆ خورادن هاورده‌ی‌ بازاڕه‌كانی‌ عیراق كرا، وتیشی:"به‌هۆی‌ جه‌نگ‌و به‌رده‌وام نه‌بوونی‌ خه‌ڵك له‌ سه‌ر خوێندن، ناهوشیاری‌ له‌ نێو دانیشتووانی‌ عیراقدا دروست بووه‌‌و ئه‌وه‌ش له‌ ئه‌نجامدا ده‌بێته‌ هۆی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشی‌، جگه‌ له‌وه‌ش په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كان وایكردووه‌ نه‌خۆشی‌ بلاو ببێته‌وه‌" روونشیكرده‌وه‌ كه‌، ژن‌و ژنخوازی‌ له‌ نێوان خزمی‌ نزیكی‌ یه‌كتر، واده‌كات نه‌خۆشییه‌كان بۆ مناڵه‌كان بگوازرێنه‌وه‌، وتیشی:"بۆیه‌ ده‌كرێت بڵێین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌ ساڵی‌ 1980ه‌وه‌ عیراق له‌ جه‌نگدا بووه‌، بۆیه‌ ئه‌و هه‌موو نه‌خۆشییه‌‌و پیسبوونی‌ ژینگه‌‌و به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ پله‌كانی‌ گه‌رما، هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌". ته‌ئكیدیشیكرده‌وه‌ كه‌، به‌پێی زانیارییه‌كانی‌ (رێكخراوی‌ جیهانی‌ كه‌ش‌و هه‌وا) له‌ هه‌موو جیهاندا پله‌ی‌ گه‌رما به‌رزده‌بێته‌وه‌، وتیشی:"گه‌ر زۆنگاوه‌كان چاك نه‌كرێنه‌وه‌‌و كار بۆ پاراستنی‌ ژینگه‌ نه‌كرێت، هه‌روه‌ها رێژه‌ی‌ سه‌وزایی‌ له‌ عیراقدا زیاد نه‌كرێت، ئه‌وا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ پله‌كانی‌ گه‌رما به‌رزتر ده‌بنه‌وه‌، چونكه‌ مرۆڤ خۆی‌ ده‌توانێت كه‌ش‌و هه‌وا بگۆڕێت" ئه‌وه‌شی دركاندا كه‌ عیراق ساڵانه‌ بودجه‌یه‌كی كه‌م بۆ بواری‌ ژینگه‌ ته‌رخان ده‌كات كه‌ به‌شی‌ ئه‌وه‌ ناكات بتوانرێت به‌و بودجه‌یه‌ كه‌ش‌و هه‌وای‌ عیراق بگۆڕدرێت‌و چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانی‌ ژینگه‌ی‌ پێبكرێت.