بەڕێوبەرى فەرمانگەى هۆشیارکردنەوەى ژینگەیى و راگەیاندن    
(9/12/2011)



لە سەرەتاوە قوتابیانمان هەڵبژارد، چونکە قوتابیان میرات گری دوا ڕۆژن، هەر ئەوان دەتوانن ژینگە بپارێزن بە شێوەیەکی تەندروست دیمانە/ پـــەیام یوسف دوا بە دواى ڕاگەیاندنى یانەى ژینگەیى و هەڵمەتى هۆشیارکردنەوەى قوتابیان و هاووڵاتیان بەرامبەر بە ژینگە، بەتایبەتى ژینگەى قوتابخانەکان، چونکە هەموومان باش ئەوە دەزانین، هەموو شتێک لە قوتابخانەوە دەست پێ دەکات و قوتابخانەش سەرەتاى هەموو پێشکەوتنێکە... هەر بۆیە خەبات بە پێویستى زانى تەواوى وردەکارییەکانى ئەم یانەیە و زیاتر زانیارى لەم دیمانەیە لەگەلڕ (رەشوان لاوە) بەرێوەبەری فەرمانگەی هۆشیارکردنەوەی ژینگەیی و راگەیاندن، بخاتە بەر دیدى ئێوەى خوێنەرى خۆشەویست. سەرەتا بەرنامەى و مەبەستى سەرەکى ئەم یانەیە چییە، هەروەها پڕۆگرام و چالاکییەکانى بە چ شێوەیەک دەست پێ دەکات؟ _ سەرەتا لە چۆنیەتى بەرنامە و پڕۆگرامەکانى ئەم یانەیە و چۆنیەتى دەست پێکردنى چالاکییەکانى بەڕێوبەرى فەرمانگەى هۆشیارکردنەوەى ژینگەیى و راگەیاندن بۆ خەبات وتى: پڕۆژەى ڕاگەیاندنى یانەى ژینگەیى لەسەرجەم قوتابخانەو خوێندگاکانى هەرێمى کوردستان، بریتییە لەیانەیەک، کە لە ناو هەموو خوێندگایەکدا بوونى دەبێت و لەوێوە خوێندکار لەسەرەتاى خوێندنییەوە ئاشنا دەکرێت بە پڕەنسیپەکانى پاکڕاگرتنى ژینگە و بەرزکردنەوەى ئاستى ڕۆشنبیرى و هۆشیارى بەرامبەر بە ژینگە. بیرۆکەى ئەو یانەیە لە تەواوى وڵاتە پێشکەوتووەکان هەیە و لێرەش وەک هەنگاوێکى گرنگ و ستراتیژ بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستى هەرێم ڕادەگەیندرێت، دەخوازین ئەم یانەیە فاکتەرێکى گرنگ بێت بۆ داهاتووى ڕەوشى ژینگە و پاراستنى لەهەرێمى کوردستان، بەجۆرێک لەئاست و خواست و بەرنامە دارێژِراوەکانى پاک ڕاگرنتى ژینگە بێت لە هەرێمدا. ئەو کار و پڕۆژانەی دەستەی ژینگەش هەوڵدان و بڕیاردانە بۆ هەبوونی یانەیەکی ژینگە لەخوێندنگاکاندا، یانەی ژینگەیی بریتییە لە کۆبوونەوەی کۆمەڵێکی قوتابی و مامۆستایەک لەهەر قوتابخانەیەک لە قوتابخانەکانی شاری هەولێر کە بەشێوەیەکی خۆبەشخش کاردەکەن بۆ پاکراگرتنی خوێندنگاکان، هەروەها لە سەرەتاوە قوتابیانمان هەڵبژارد، چونکە قوتابیان میرات گری دوا ڕۆژن، هەر ئەوان دەتوانن ژینگەکەیان بپارێزن بە شێوەیەکی تەندروست، لەسەرتای چالاکیەکانیش وۆرک شۆپ بۆ مامۆستایان ئەنجام دەدەین، کە لەهەر قوتابخانەیەکی پارێزگای هەولێر مامۆستایەک ئامادەی ئەو وۆرک شۆپە دەبێت بۆماوەی سێ رۆژ وانە وەردەگرێت لەلایەن مامۆستایانی شارەزا و پسپۆری بەشی ژینگە لە کۆلێژی زانستی زانکۆی سەڵاحەدین هەر هەفتەیەک خول بۆ بیست و پێنج مامۆستا ئەنجامدەدەین، ئەم پڕۆژەیە بەردەوام دەبێـت بۆ ماوەی ساڵێک تاوەکو 850 مامۆستای سنوری پارێزگای هەولێر خول وەردەگرن. کار چاڵاکیەکانی ئەم یانەیە ئەنجامدانی چالاکیە ژینگەیەکان بەشیوەیەکی داهێنەرانە و نمونەیی و تێکەیشتن و بۆچەسپاندنی بنەماکانی ژینگە و پاراستنی ژینگەیە، چاندنی نەمام و گرینگیدان بە دار و نەمامەکانی باخچەی قوتابخانەکان، دەرکردنی بڵاوکراوە و چاپەمەنی لەسنوری قوتابخانە و دەرەوەی قوتابخانەکان، هەروەها ئەنجامدانی وۆرک شۆپ لەسەر ژینگە و تەندورستی لە پرسیارێکى دیکەى خەبات، ئەوە پرسیارکرا بۆچى ئەم پڕۆژەیە تەنها مامۆستایان دەگرێتەوە، لەکاتێکدا نیوەى زیاترى تاکەکانى کۆمەڵگا فەرمانبەرن؟ رەشوان لاوە وتى: ئەمە پڕۆژەیە تەنها مامۆستایان ناگرێتەوە، بەڵکو هەموو فەرمانبەرێک کە لە سنوری قوتابخانەکاندابن دەتوانن لەلای ئێمە وۆرک شۆپ وەربگرن و دواتر لە قوتابخانەکانیان یانەی ژینگەیی بکەنەوە. هەروەها سەبارەت بە ژینگەى گەڕەکەکان و پیسبوونیان و نەبوونى هۆشیارى ژینگەیى لەلایەن هاووڵاتیانى ئەم گەڕەکە رەشوان لاوە وتى: لەگەلڕ ئەوەی هەوڵی تەواومان داوە کە راپۆرت بەرز بکەنەوە بۆ وەزارەتی شارەوانی لایەنی پەیوەندی دار بۆ پاکراگرتنی ژینگەی شەقام و شار بەڵام ئامانج لە قوتابخانەکان ئەوەیە بۆئەوەی قوتابی و مامۆستایان بتوانن لەهەنگاوی یەکەم قوتابخانەکەیان پاشان مالەوە دواتر شەقامیان پاک رابگرن و ئەو هۆشیاریەیان لەلادروست بێت. هەروها هەر ئاگادارکردنەوەیەک لەلایەن هەرکەسێکەوە بۆمان هاتبێت بەمەبەستی پیسی ناژینگەیی ئەو شوێنە، ئێمە بۆ ئەو مەبەستە بەکاری خۆمان هەڵساوین و راپۆرتی ژینگەییمان بەرز کردۆتەوە بۆلایەنی پەیوەندیدار بەمەبەستی چارەسەرکردنی. هەروەها سەبارەت بەوەى کە لە هەرێمى ئێمە پێشنیازى زۆر باش و شاز دەدرێ و قسەى لەسەر دەکرآ، بەڵام لە 10%ى جێ بەجێ ناکرێت، جا چ لەلایەن هاووڵاتیانەوە بێت، یان ئەوانەى پێشنیازەکەیان کردووە؟ ئێوە چ جۆرە دڵنیایەک بە خەڵک دەدەن، کە هەڵمەتەکەى ئێوە سەر دەگرێت و ژینگەى هەرێم بەرەو پاکتر دەبن؟ رەشوان لاوە لە وەڵامى ئەم پرسیارەى رۆژنامەى خەبات وتى: من بەو رەشبینیە و بەو رێژەیە سەیری جێبەجێکردن و بەڕێوەچوونی کارەکان ناکەم، چونکە راستە سەردەمانێک هەبوو نەک سەدا بەڵکو سەدا پێنجی پرَۆژەکان جێبەجێنەدەکران لەگەلڕ ئەوەی قسەی بریقەداری زۆری بۆ دەگوترا، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا هەرێمی کوردستان وردە وردە بەرەو سیستماتیک دەڕوات و بودجەیەکی باشمان هەیە بۆجێبەجێکردنی پڕۆژەکان کە زیاتر دلنیایی بەجێبەجێکردن و سەرکەوتنی پرۆژەکان دەدەن، ئەوەش ناشارمەوە هەندێک رۆتینی ئیداری هەیە کە دەبنە هۆی دواخستنی کار و پڕۆژەکان، ئەوە بەومانایەنیە کە پڕۆژەکان پشت گوێدەخرێن و جێبەجێناکرێن، بەڵکو کەمێک کاتی دەوێت بۆ ئەوەی ئەنجامیبدەین. ئێمە لەوە دڵنیاین کە هەر منداڵێک هۆشیاری ئەوەی هەبێت پەڕی کاغەزێک نایلۆنێک و لەزەوی هەڵبگرێتەوە یان نەمامێک بڕوێنێت بێ گومان هۆشیاری ئەوەشی دەبێت کە جارێکی دیکە خۆی کاغەز نایلۆنەکە فرێنەداتە زەوی و وە هەر خۆی نەمامەکە نەشکێنێت و بی پارێزێت. هەروەها لەسەرتای ئەم پڕۆژەیەدا ئەوەمان ڕاگەیاند کە خولی راهێنان بۆ 850ى مامۆستای قوتابخانەکانی سنوری پارێزگای هەولێر وەک هەنگاوی یەکەم ئەنجامدەدەین، دەستمان بەو خولانەکردووە تا ئێستاش بەردەوامین و تاوەکو ئێستا نزیکەی 5 خولمان ئەنجامداوە کە هەر خولێک 25 مامۆستا لە خۆ دەگرێت، واتا نزیکەی 125 خول و وۆرک شۆپی راهێنانی ژینگەییان وەرگرتووەە لەسەر دەستی مامۆستای شارەزا و پسپۆری ژینگەیی. جگە لەوەش ئەگەر بێت و کەمێک وردببینەوە لە بەشەکانی پرۆگرامی یانەی ژینگەیی دەبینین هەر سێ بەش لەخۆ دەگرێت بەلکو بەشی یەکەمی ئەم پڕۆگرامە پێناسەیەکی ژینگەیە بەشێوەیەکی گشتی دواتر بەشەکانی دیکە تیشکیان خراوەتەسەر کە ئاو هەواو خاک پێکدێنن. ئێمە دەرگای ئەندام بوون لەسەر هیچ تاکێکی ژینگە پاریز و ژینگە دۆست داناخەین و بەخۆشحاڵیەوە هەموو کەس و تاکێک دەتوانێت ببێتە ئەندام لەو یانەیە، ئێمەش وەک دەستەی ژینگە تەنها ئەرکی سەرپەرشتی کردنمان لە ئەستۆیەو هەمووان بەخۆبەخشانە بۆ ئەو ژینگەیە کاردەکەین کو ژینگەی هەمووانە. هەروەها دەربارەى سنورى کارەکانمان لە شارو شارۆچکەکان رەشوان لاوە ئەوەى روون کردەوە و وتى: وەک ئاماژەم پێدا ئێمە سنووری پارێزگای هەولێرمان وەک هەنگاوی یەکەم راگەیاند بێشک بەپێی بەرنامە پرۆگرامی پرۆژەکە کاربۆئەوە دەکرێت کە لە هەموو شارو شارۆچکەکانی تریش هەمان یانەیی ژینگەی لە قوتابخانەکاندا بکەینەوە لە کۆتایشدا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەم یانانە راستەوخۆ پەیوەستە بە هەبوونی قوتابخانەکان، کە بێگومان قوتابخانەکانیش هەرگیز داناخرین و بەردەوام دەبن کەوابوو تا تەمەنی خوێندکارو و قوتابخانەکان بەردەوام بن، یانەکەش بەردەوامدەبێت سەبارەت بە کۆنفرانسیش بێگومان کۆنفرانس و پێشبرکێ لەنێوان پاکترین قوتابخانەو یانەیی ژینگەیی وەک بەشێک لە کاری پڕۆژەکەمان کاری بۆدەکرێت.