منداڵه‌كه‌ت بپارێزه‌، ماسیی بده‌رێ    
(11/6/2013)



رێكخستنی ژه‌مه‌ خۆراكی منداڵ پێویسته‌ گنگییه‌كی زۆری پێدرێت و به‌به‌رده‌وامی چاودێری جۆر و كواڵیتی ئه‌و خۆراكانه‌ بكرێت، چونكه‌ منداڵیی قۆناغی گه‌شه‌كردنه‌ و باری ته‌ندروستیی ئاینده‌ی ئه‌و منداڵه‌ ده‌ستنیشان ده‌كات كاتێك ته‌مه‌نی زیاد ده‌بێت. به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ بواری خۆراكناسیدا، كه‌ ئه‌نجامه‌كانی له‌ جۆرناڵی Clinical Nutritionدا بڵاو كرایه‌وه‌، ده‌ركه‌وت كه‌ خواردنی ماسی بۆ منداڵی بچووك زۆر گرنگه‌ و یارمه‌تیده‌ره‌ له‌ پێكهێنانی به‌رگرییه‌كی له‌شی به‌هێز به‌رامبه‌ر به‌ چه‌ندین جۆری حه‌ساسیه‌ت. به‌پێی ئه‌نجامه‌كان ، ئه‌و منداڵانه‌ی هه‌فتانه‌ ماسی ده‌خۆن، له‌ ژیانیاندا به‌ رێژه‌ی 22% كه‌متر تووشی ئه‌كزیما ده‌بن و ئه‌گه‌ری تووشبوون به‌ پووشه‌ تا (Hay fever) به‌ رێژه‌ی 26% كه‌م ده‌بێته‌وه‌. توێژه‌ران له‌ میانه‌ی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا چاودێری پلانی خۆراكی زیاد له‌ سێ هه‌زار منداڵی ته‌مه‌نه‌ جیاجیاكانیان كرد.