راهێنه‌رانی ژینگه‌یی پێده‌گه‌یێنێت
سه‌نته‌ری كات خولێكی ژینگه‌یی ئه‌نجام ده‌دات
   
(15/1/2014)



سایتی ژینگه‌-دانا ته‌ها:
به‌ مه‌به‌ستی پێگه‌یاندنی راهێنه‌رانی ژینگه‌یی، سه‌نته‌ری كات بۆ هۆشیاریی و راهێنانی لاوان خولێكی پێنج رۆژه‌ی ده‌ستپێكرد. ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ رێككه‌وتی 15/1/2014 له‌ هوتێل چوارچرا له‌ شاری هه‌ولێر خولێكی ژینگه‌یی بۆ ژماره‌یه‌ك فه‌رمانبه‌رو مامۆستاو كه‌سانی تر له‌ چین و توێژه‌ جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگا به‌رێوه‌چوو، كه‌ سه‌نته‌ری كات به‌ ئامانجی راهێنانیان له‌ پرۆژه‌ی به‌شداری كردنی لاوان له‌ كۆمه‌ڵگا له‌ رێگه‌ی ژینگه‌پارێزییه‌وه‌. له‌ سه‌ره‌تای خوله‌كه‌شدا، به‌ختیار محه‌مه‌د به‌رپرسی سه‌نته‌ری كات وته‌ی به‌خێرهاتنی پێشكه‌شكردو له‌میانیشیدا ئامانجه‌كانی سه‌نته‌ره‌كه‌یان له‌ رێكخستن و ئه‌نجامدانی خوله‌كه‌ خسته‌روو. دواتر ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د به‌رێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی هۆشیاری و راگه‌یاندن وته‌ی ده‌سته‌ی ژینگه‌ی پێشكه‌شكردو تیایدا دووپاتی له‌ گرنگی ئه‌نجامی خولی له‌مجۆره‌ كرده‌وه‌و هیوای به‌رده‌وامی بۆ سه‌نته‌ری كات خواست بۆ ئه‌نجامدانی كارو چالاكیی زیاتر. له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌شیدا، ئه‌و به‌رێوه‌به‌ره‌ی فه‌رمانگه‌ی هۆشیاری و راگه‌یاندن سوپاسی ده‌سته‌ی ژینگه‌ی به‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ راگه‌یاندو ئاماده‌یی هه‌موو جۆره‌ هاوكارییه‌كی ده‌ربڕی. پاشان له‌ یه‌كه‌مین رۆژی خوله‌كه‌شدا سیمینارێكی ژینگه‌یی له‌لایه‌ن پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر جینان جه‌بار تۆما پێشكه‌شكرا، كه‌ له‌ به‌شێكی ناوه‌رۆكی سیمیناره‌كه‌دا تیشكی خسته‌ سه‌ر سامانی ئاو و هه‌نگاوه‌كانی چۆنیه‌تی پاراستن و به‌فیرۆنه‌دانی له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌ خسته‌ڕوو. هه‌روه‌ها باسی له‌ ئاستی ئاوی ژێر زه‌ویی كرد و داتای پێویستی له‌سه‌ر ئاستی ئاوی ژێر زه‌ویی له‌ سه‌رجه‌م كیشوه‌ره‌كان و له‌م ڕووه‌وه‌ به‌رواردێكی زانستیانه‌ی خسته‌روو. شایانی باسه‌ ئه‌م خوله‌ بۆ ماوه‌ی پێنج رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت و ئامانج لێی پێگه‌یاندنی كۆمه‌ڵێك راهێنه‌ره‌، كه‌ دوای ته‌واوبوونی خوله‌كه‌ سیمینار پێشكه‌ش به‌ چین و توێژه‌ جیاجیاكانی كۆمه‌ڵ ده‌كه‌ن و سه‌رنج و تێبینییه‌كانیش لای خۆیان تۆمارده‌كه‌ن و بۆ سه‌نته‌ری ناوبراو ده‌یگێڕنه‌وه‌و دواتر له‌گه‌ڵ تێبینی و سه‌رنجه‌كانی ده‌سته‌ی ژینگه‌ وه‌كو راسپارده‌ ده‌درێت به‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار.